گوتەبێژی کۆمسیۆن: پەرلەمانی کوردستان فریای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ناکەوێت

14-11-2021
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵاى هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسى هەرێمی کوردستان رایگەیاند بڕیارە 18ی ئەم مانگە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان پێشنیازەکانی خۆیان لەبارەی کۆمیسیۆنەوە بدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمان و دواتر بڕیار لەسەر داڕشتنەوەی پەیکەربەندی کۆمیسیۆن بدرێت، دەشڵێت دەبێت تاوەکو 30ی ئاداری 2022 کۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان راسپێردرابێت.
 
شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵاى هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسى هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 14-11-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یەکێک لە گرفتە دیارەکانی بەردەم هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان تەواوبوونی ماوەی یاسایی کۆمسیۆنی باڵاى هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسى هەرێمی کوردستانە، چونکە ئێمە لە رۆژی 23-12-2019ەوە ماوەی یاساییمان تەواوبووە، بەر لەو وادەیە لە رۆژی 2-8-2019 داوامان لە پەرلەمانی کوردستان کردووە رێککاری یاسایی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بکات، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو پرسە دواکەوت".
 
هەفتەی رابردوو پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا، رۆژی 18-11-2021 دوا دەرفەت بێت بۆ فراکسیۆنەکان بۆ ئەوەی تێبینی و پێشنیازەکانیان لەبارەی پرسەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن بدەنە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
 
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵاى هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسى هەرێمی کوردستان دەڵێت: "دەرفەت لەبەردەم هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان نەماوە، چونکە کاتەکە درەنگە، بۆیە چاوەڕوانین بڕیار لەسەر ئەنجوومەنی كۆمسیاران بدرێت بۆ ئەوەی بتوانێت هەڵبژاردنی ساڵی 2022ی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات". 
 
سەبارەت بە پەیکەربەندیی ئەنجوومەنی نوێی کۆمیسیاران، شێروان زرار،  گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵاى هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسى هەرێمی کوردستان گوتی: "كۆمسیۆن له ‌دواى دامه‌زراندنى توانی دوو پرۆسه‌ى گرنگ ئه‌نجامبدات، پڕۆسەی راپرسى بوو له‌ هه‌رێمی کوردستان و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كانیش، هەروەها هه‌ڵبژاردنى خولی پێنجەمی په‌رله‌مانى كوردستان بوو، ئێستا پێشنیاز هەیە بۆ مانەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە زیادکردنی دوو ئەندام بۆ پێکهاتەکان، پێشنیازی دیکەش هەن بۆ گۆڕینی هەموو کۆمیسیارانی ئەنجوومەن، ئەوە لەلای سەرۆکی فراکسیۆنەکان و پەرلەمان دەمێنێتەوە".
 
شێروان زرار گوتیشی: "ئەوەی بۆ ئێمە زۆر گرنگە ئەوەیە پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران یەکلایی بکرێتەوە بۆ ئەوەی پێش 30-3-2021 سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆمیسیۆنی بۆ ئەنجامدانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان راسپاردبێت، چونکە کۆمیسیۆن 6 مانگی پێویستە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکات".
 
سەبارەت بە تۆماری دەنگدەرانیش، شێروان زرار،  گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵاى هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسى هەرێمی کوردستان، گوتی: "لەتۆماری دەنگدەرانی پێشوو 270 هەزار دەنگی مردوو و دووبارە و ئەوانەمان دەرهێنا، بەڵام ئێستا زۆرینەی لایەنەکان لەگەڵ ئەوەن پشت بە بایۆمەتری عێراق و هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021 ببەسترێت، چونکە نوێیە و کێشەی زۆر کەمە، هەروەها وەکو تۆماری هەرێمی کوردستان نییە کە پێشتر خەڵک بە رەگەزنامەی باری شارستانی و رەگەزنامەی عێراقی دەنگیان دەدا، لەمەیاندا دەبێت بە کارتی بایۆمەتری بێت".
 
کۆمسیۆنی باڵاى هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسى هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2014 کارەکانی دەکات، کۆمیسیۆن لە 9 ئەندام پێکدێت، کە لەلایەن پەرلەمانەوە و بە زۆرینەی رەهای ئەندامانی هەڵدەبژێردرێن، بە مەرجێک بەلان کەم دەبێت دوو ئەندامیان یاساناس بن، نوێنەرایەتی ئافرەتیشیان تێدا بێت، ماوەی کارکردنیشیان 5 ساڵە".
 
بەپێی ماددەی یەکەم بڕگەی یەکەم لە یاساى ژماره‌ (2)ى ساڵى 2017 ى یاساى دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێم، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کودرستان بە مەرسوومی ژمارە 1 ی ساڵی 2018 رۆژی 30/9/2018 دیاری کرد وەک وادە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.
 
بەپێی راگەنراوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لەهەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە 30-9-2018،  3 ملیۆن و 85 هەزار و 461 کەس مافی دەنگدانییان هەبوو، لەو ژمارەیە 1 ملیۆن و 845 هەزار و 979 کەس دەنگیاندا کە رێژەی بەشداری 59٪بوو.
 
لەو هەڵبژاردنەدا 29 لیست بەشداری هەڵبژاردنیان کرد، لە ئەنجامدا 16 لیست توانیان کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن ئەوانیش: پارتی دیموکراتی کوردستان 45 کورسی، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان 21 کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان 12 کورسی، جووڵانەوەی نەوەی نوێ 8 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 7 کورسی، هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح 5 کورسی، سەردەم 1 کورسی، ئازادی 1 کورسی، پارتی گەشەپێدانی تورکمانی 2 کورسی،  میللەت 1 کورسی، بەرەی تورکمانی 1 کورسی، هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی 3 کورسی، رافیدەین 1 کورسی، ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی و ئاشووری 1 کورسی و ئەرمەن 1 کورسی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە