حیزبی دیموکرات: ئێران بەهێرشەکانی پەلەقاژەی درێژەدان بە دەسەڵاتەکەی دەدات
رووداو دیجیتاڵ
لەبەرامبەر هێرشەکانی سەر بارەگاکانی لە هەرێمی کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند، ئێران لە نێوخۆ بە "زەبر و زەنگ و کوشتاری خۆپێشاندەران" و لە دەرەوەش بە هێرشی مووشەکی "پەلەقاژەی مان و درێژەدان بە دەسەڵاتە جەهەننەمییەکەی دەدات."
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی سەر هێزەکانی لە سنووری کۆیە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەزاندنەوەی هەموو پرەنسیپە نێونەتەوەییەکان جارێکی دیکەش بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی بە مووشەک کردەوە ئامانج؛ لەو پەلامارە مووشەکییەدا کە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە، تاوەکو ئێستا پێشمەرگەیەک شەهید و چەند پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار بوون."
حیزبی دیموکرات رایگەیاندووە، هێرشی سەر بارەگاکانیان لە کاتێکدایە زیاتر لە دوو مانگە "راپەڕینێکی سەرانسەری" ئێرانی گرتووەتەوە؛ راشیگەیاندووە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆ بە زەبر و زەنگ و کوشتاری خۆپیشاندەران و لە دەرەوەش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان پەلەقاژەی مان و درێژەدان بە دەسەڵاتە جەهەننەمییەکەی دەدات، بەڵام وەک هەمیشە سەلماندوومانە ئەوان هەرگیز ناتوانن ماف و ویست و ئیرادەی رزگاریخوازی ئێمە بە چۆکدا بێنن؛ خەڵکی ئێران بە هەموو پێکهاتەکانییەوە لێبڕاون کۆتایی بە تەمەنی نەگریسی ئەم رژیمە بهێنن."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران وەڵامی دڕندەیی، کوشتن و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامییان لە خۆپێشاندانەکان و لەسەر شەقامەکان دەدەنەوە و دەیسەلمێننەوە کە ئیرادەی ئەوان لە زەبروزەنگی دیکتاتۆری بەهێزترە."
ئەمڕۆ لە رێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشکرایەسەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری کۆیە لە پارێزگای هەولێر و زڕگوێز لە پارێزگای سلێمانی، قایمقامی کۆیە رایگەیاند، دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە و شەش برینداریش هەن، کە بریندارەکان و یەکێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتە.