یەبەشە ناسنامەی کوژراوانی هێرشەکەی شەوی رابردووی سنوونێ ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یەکینەکانی پاراستنی شنگال-یەبەشە، کوژرانی دوو ئەندامی لە شارۆچکەی سنوونێی سەر بە قەزای شنگال پشتڕاستکردەوە و ناسنامەکانیان ئاشکرا دەکات، هەروەها تورکیا بە بکەری هێرشەکە تۆمەتبار دەکات.
رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، یەکینەکانی پاراستنی شنگال، ئەو هێرشەی پشتڕاستکردەوە کە شەوی رابردوو لە ناحیەی سنوونێی قەزای شنگال لە رێگەی درۆنەوە کرایە سەر ئۆتۆمبێلێک کە سێ ئەندامی ئەوانی تێدا بووە و ناسنامەی هەریەک لە بەرخۆدان شنگالی و ئارگەش فەقیری بڵاوکردەوە کە لەو هێرشەدا کوژراون.
لە راگەیێندراوەکەی یەبەشەدا هاتووە، "لە ساڵیادی ئازادکردنی شنگالدا، شەوی رابردوو لە دەوروبەری کاتژمێر 23:00 لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورکدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک دوو شەڕڤانی ئێمە بە ناوەکانى بەرخۆدان شنگالی و ئارگەش فەقیر شەهید بوون و شەڕڤانێکى دیکەش بریندار بوو، سەرەتا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەڤاڵە شەهیدەکانمان دەکەین و هیوای چاکبوونەوە بۆ هەڤاڵە بریندارەکەمان دەخوازین".
هەروەها لە چەند شوێنێکی راگەیێندراوەکەیدا، یەبەشە تورکیا بە بکەری هێرشەکە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، "بەم هێرشانە دەیەوێت تۆڵە لە بەرخۆدانی شنگال بکاتەوە بۆ ئەوەی بەردەوامی بە کردارەکانی داعش بدات، لە رۆژێکی ئاوادا دەیەوێت تارمایی لەسەر خۆشییەکانی شنگال دانێت".
سەبارەت بە هۆکاری ئامادەبوونی ئەو دوو ئەندامەیان و وردەکاریی کوشتنیان، هێزەکانی پاراستنی شنگال روونیکردووەتەوە، "هەڤاڵانمان بەرخۆدان شنگالی و ئارگەش فەقیر لە کاتێکدا کە بۆ سەردانی خێزانەکانیان چووبوون؛ لە ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیدا کرانە ئامانج، هەردوو هەڤاڵمان لە تەمەنێکی گەنجێتیدا خۆیان کرد بە شەڕڤانێکی ئازا، لێهاتوو و گەورە، لە ناو ریزەکانی یەبەشەدا رۆڵێکی سەرەکییان هەبوو. هەردوو هەڤاڵمان لە عەشیرەتی فەقیرن کە لە تێکۆشانماندا خاوەنی چەندین شەهیدی هێژای وەکو دژاوا، چیا و سەرحەد و سەرهەڵدانن".
یەبەشە لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کوشتنی شەهیدەکانی دەکاتەوە و ناسنامەکانیشی بەمشێوەیە بڵاوکردوونەتەوە:
1- جەهات دەروێش ئلیاس
ناسناو: بەرخۆدان شنگالی
ناوی دایک: بەسێ
ناوی باوک: دەروێش ئیلیاس
ساڵ و شوێنی لەدایکبوون: 2000 - گرعوزێر
پەیوەندیکردن بە یەبەشەوە: 2017
2- سەعید خەلیل قاسم چوکۆ
ناسناو: ئارگەش فەرقین
ناوی دایک: کامۆ
ناوی باوک: خەلیل قاسم
ساڵ و شوێنی لەدایکبوون: 2000، گرعوزێر
پەیوەندیکردن بە یەبەشەوە: 2016