لە سنووری قەزای پشدەر کەسێک بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە رێگەی نێوان شارۆچکەی ژاراوە و قەزای پشدەر، کەسێک بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەوەی کوژراوە پیاوێکە و تەمەنی لە دەوروبەری 40 ساڵاندایە.
عوسمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی فێرکاریی شەهیدانی قەڵادزێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تەرمی پیاوێک هێنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی قەڵادزێ کە شوێنەواری فیشەک بە جەستەیەوە بووە.
گوتیشی، دوای توێکاریی، بەمەبەستی زانیاری زیاتر لەسەر کوژرانی ئەو کەسە، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادیی سلێمانی کراوە.
رووداو زانیویەتی، ئەو کەسەی کوژراوە پیاوێکە بە ناوی ئاسۆ رەفیق، دانیشتووی شارۆچکەی سەنگەسەر و پیشەی پێشمەرگە بووە.