هاتووچۆی دهۆک: کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ کارا دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی دهۆک رایگەیاند رۆژی چوارشەممە، 15ـی تشرینی دووەم لە چەند شەقامێکی سەرەکیی شاری دهۆک کامێرای خاڵ بۆ خاڵ تایبەت بە تۆمارکردنی خێرایی و سەرپێچییەکانی ئۆتۆمبێل، کارا دەکرێن و داوا لە شۆفێران دەکات پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆ بن و خێرایی ئۆتۆمبێلەکانیان لە سنووری رێگەپێدراودا بێت.
 
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچووی پارێزگای دهۆک لە راگەیێندراوێکدا دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵی تایبەت بە تۆمارکردنی خێرایی ئۆتۆمبێل و تۆمارکردنی سەرپێچییەکان، لە چەند شوێنێکی دهۆک راگەیاند، بەپێی راگەیێندراوەکە لە رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023ـەوە ئەو کامێرایانە بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکان کارا دەکرێن.
 
بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای دهۆک، کامێراکان لە بەشێک لە دوو ساید و رێگەکانی سەرەکی دهۆک دادەنرێن و لەو شەقامانەی دوو سایدن لە هەردوو سایدەکانیان دادەنرێن، ئەو شەقامانەشی کامێرایان لێ جێگیر دەکرێت ئەمانەن:
 
- شەقامی بەرامبەر باخچەی ئاژەلان، هەردوو شەقامی هاتن و چوون، خێرایی رێگەپێدراو  60 کیلۆمەتر لە کاژێرێکە.
- شەقامی نەخۆشخانی ڤەژین، هەردوو شەقامی هاتن و چوون، خێرایی رێگەپێدراو  60 کیلۆمەتر لە کاژێرێکە. 
- شەقامی شەهیدانی یەکی شوبات، هەردوو شەقامی هاتن و چوون، خێرایی رێگەپێدراو 60 کیلۆمەتر لە کاژێرێکە.
- شەقامی ماڵتا، خێرایی رێگەپێدراو  60 کیلۆمەتر لە کاژێرێکە.
- شەقامی پیشەسازیی کۆن، نزیک ئۆڤەر پاس، خێرایی رێگەپێدراو 80 کیلۆمەتر لە کاژێرێکە بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک، 60 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بۆ ئۆتۆمبێلی گەورە.
- شەقامی بریفکا،  خێرایی رێگەپێدراو  80 کیلۆمەتر لە کاژێرێکە بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک، 60 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بۆ ئۆتۆمبێلی گەورە.
 
بۆ کۆنترۆڵکردنی خێرایی ئۆتۆمبێل لە شەقامەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئێرلی فیوچه‌ر کردووە بۆ دانانی نزیکەی 500 کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی، کە بەشێوەی پۆینت تو پۆینت کار دەکەن. 
 
بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەنێوان کۆمپانیای ئێرلی فیوچه‌ر و وەزارەتی ناوخۆ کراوە، سەرەتا داهاتی ئەو کامێرایانە 70٪ بۆ کۆمپانیا و 30٪ـی بۆ حکومەت دەبێت.