وردەکاریی گیانلەدەستدانی باوکێک، دوو کوڕ و زاوایەک بە رووداوی هاتووچۆ لە دەربەندیخان
رووداو دیجیتاڵ
نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، لەسەر رێگەی کەلار - دەربەندیخان، چوار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا، کە باوکێک و دوو کوڕ و زاوایەک بوون.
ئەیوب خەزیر، عەبدولوەهاب ئەیوب، ساڵح ئەیوب و حازم ئەحمەدی زاوای ئەیوب، ئەم چوار کەسە بوون کە گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەیوب خەزیر نەخۆش بووە و بۆ چارەسەر لە بەعقوبەوە بۆ سلێمانییان هێناوە.
ئۆتۆمبێلی بەرامبەر بارهەڵگرێک بووە، کە شایەتحاڵەکان دەڵێن، ئەگەرچی لە شەقامە قیرەکەش دەرچووە و چووەتە سەر خۆڵ، بەڵام ئۆتۆمبێلی قوربانییەکان بەرەو رووی هاتووە و خۆی بەژێریدا کردووە.
یاسین عوسمان، شایەتحاڵی رووداوەکە دەڵێت، "ئەم شۆفێرە خاڵۆی خێزانمە لە سەیسادقەوە بەرەو کەلار رۆیشتووە، کە ئەو ئۆتۆمبێلە بەرەو رووی هاتووە، رۆیشتووەتە سەر خۆڵەکەش، بەڵام خۆی کردووە بەژێریدا و تووشی ئەو رووداوە بوون".
محەممەد عەلی، شایەتحاڵێکی دیکەی رووداوەکەیە و باس لەوە دەکات، "رووداوەکە وابووە، ئۆتۆمبێلی قوربانییەکان هاتووەتە سایدی بارهەڵگرەکە".
کەسوکاری قوربانییەکان لە بەعقوبەی پارێزگای دیالە و کەسوکاری شۆفێری بارهەڵگرەکەش لە پێنجوێنەوە هاتبوون بۆ دەربەندیخان، سوپاسی هاوکاریی خەڵکی دەربەندیخانیان کرد.
شەلال فازل، ئامۆزای قوربانییەکان گوتی، "زۆر سوپاسی خەڵکی دەربەندیخان دەکەم بۆ ئەم پێشوازییە، ئێمە هەموومان براین و هیچ جیاوازییەکی نییە، ئەم هەڵوێستەیان هەرگیز لەبیرناکەین".
شاهۆ فارس، پورزای شۆفێری بارهەڵگرەکە ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە وەکو کەسوکاری ئەو شۆفێرە سوپاسی خەڵکی دەربەندیخان دەکەین، سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو عەرەبانە دەکەین، داوای لێخۆشبوونیان دەکەین لە لای خوای گەورە، خودا سەبووری منداڵ و کەسوکاریان بداتەوە".
شۆفێری بارهەڵگرەکە بریندارە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە بەڵام تەندروستی جێگرە، تەرمی قورابنییەکانیش بۆ پارێزگای دیالە گەڕێندرانەوە.