کەشناسی: سبەی باران دەبارێت و ئەگەری بەفربارینیش هەیە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی رایگەیاند، سبەی (چوارشەممە) هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەکەوە و پلەی گەرما سەرجەم ناوچەکان دادەبەزێت و باران دەبارێت، ئەگەری بەفربارینیش لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە.
رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند "بەهۆی کاریگەربوونی هەرێمی کوردستان بەو بارستە هەوایەی روو لە ناوچەکە دەکات، پلەی گەرما نزمدەبێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری بەفربارین هەیە، بەتایبەت لە شاخە بەرزەکان، ئەوە جگە لەوەی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت."
ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، بەپێی پێشبینییەکان رۆژی چوارشەممە، لەئەنجامى زیادبوونى کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى تورکیا لەسەر بەشەکانى باکوورى هەرێمی کوردستان و کاریگەرى نزمە پاڵەپەسۆى دەریای سوور لەسەر بەشەکانى باشوورى هەرێمی کوردستان و ناوەڕاستى عێراق، ئاسمانى هەرێمی کوردستان بەدرێژایی کاتەکان هەور دەبێت لەگەڵ بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکان.
بەپێی پێشبنییەکانی بەرێوەبەرایەتییەکە ئاستى بارین لەسەر بەشەکانى باشوورى هەرێمی کوردستان بەتایبەت سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان و سنوورى پارێزگاى کەرکووک زیاتر دەبێت، لەگەڵ زیادبوونى خێرایی با و نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما بە 6 تاوەکو 8 پلەى سیلیزى بەراورد بە رۆژی سێشەممە، 14ـی تشرینی دووەم، لەسەر لووتکەى ناوچە شاخاوییە سنوورییە بەرزەکانیش ئەگەرى بەفربارین هەیە.
بەپێی پێشبینییەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بۆ رۆژی چوارشەممە خێراىی با مامناوەند و لەنێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت، پلەکانی گەرماش بەپێی ناوچەکان بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 20 پلە
سلێمانی: 18 پلە
دهۆک : 19 پلە
کەرکووک: 21 پلە
هەڵەبجە: 18 پلە
زاخۆ: 21 پلە
گەرمیان: 22 پلە
حاجی ئۆمەران: 9 پلە
سۆران: 16پلە