کەمپێکی ئاوارەکان لە سلێمانی داخرا

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، دووەم کەمپی ئاوارەکانی لە ناحیەی عەربەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی داخست و 170 ئاوارە نێردرانەوە زێدی خۆیان لە پارێزگای سەڵاحەدین، بەڵام بەرپرسی هۆبەی کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، "کەمپەکە داخراوە، بەڵام ئاوارەکان نەچوونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان".
 
رۆژی پێنجشەممە 14-12-2023، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی داخستنی کەمپێکی ئاوارەکان لە ناحیەی عەربەتی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، "لە چوارچێوەی رێنماییەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ داخستنی دۆسییەی ئاوارەکان، کەمپی عەربەت وەکو دووەم کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان داخرا. ژمارەی ئەو کەسانەی لەوێ دەژیان 170 کەس بوو و چوونەوە بۆ زێدی خۆیان. ئەوەش دوایین کاروانی ئاوارەکانی ئەو کەمپە بوو".
 
خالید بابا رەسووڵ، بەڕێوەبەری هۆبەی کۆچ و کۆچبەرانی سلێمانی، شەوی پێنجشەممە 14-12-2023، لەبارەی هەواڵەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەواڵەکە دروست نییە، چونکە لەو کەمپە نزیکەی 200 خێزان دەژیان؛ نزیکەی 70 خێزانیان گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان. ئەو خێزانانەی دیکەیان رەوانەی کەمپی ئاشتی کران کە چەند کیلۆمەترێک لە کەمپی عەربەتەوە دوورە".
 
خالید بابا رەسوول گوتی، "بەهۆی کەمی پشتیوانیی دارایی و بڕینی بەشێکی زۆری ئەو هاوکارییانەی بۆ کەمپەکە هەبوون، بڕیاردرا دانیشتووانی کەمپەکە لەگەڵ کەمپی ئاشتی یەکبخرێن؛ بۆیە کەمپەکە داخرا".
 
رۆژی 16-11-2023، بێستوون ژاڵەیی، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی گەرمیان، داخستنی کەمپی ئاوارەکانی لە ناحیەی قۆرەتووی سەر بە قەزای خانەقینی رەتکردەوە کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وەکو یەکەم کەمپ کە دادەخرێت، رایگەیاندبوو.
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە هەن؛ 490 هەزاریان لە دەرەوەی کەمپەکان و زیاتر لە 174 هەزاریش لە 25 کەمپ نیشتەجێن. ئەو ئاوارانە بەهۆی شەڕی داعشەوە زێدی خۆیان جێهێشت و تائێستاش بە هۆکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.