یەكگرتوو محەممەد رەئوف لە ریزەكانی دووردەخاتەوە

رووداو- هەولێر

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بڕیاری دا ئەو سەركردانەی دووربخاتەوە كە چوونەتە نێو هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح. 

دوای بەشداریی محەممەد رەئوف، سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو لە كۆنگرەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بڕیاری دا، هەر ئەندامێكیان پەیوەندی بە حیزبێكی دیكەوە بكات، راستەوخۆ ئەندامێتی لەنێو یەكگرتوو نامێنێت.

مستەفا عەبدوڵڵا، بەرپرسی ئەنجوومەنی ناوخۆی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند: "پەیڕەو و پرۆگرامی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت هەر ئەندام و كادیرێكی یەكگرتوو بچێتە نێو هەر حیزبێكی دیكەوە، لەبەر ئەوەی بۆی نییە لە دوو حیزبدا ئەندام بێت، راستەوخۆ لەچوارچێوەی یەكگرتووی ئیسلامیدا نامێنێ".

لەدوای راگەیاندنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، محەممەد رەئوف، سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و عومەر عەلی، ئەندامی یەدەگی دەستەی باڵای بەدواداچوون و چاودێریی یەكگرتوو، پەیوەندییان بەو هاوپەیمانییەوە كرد كە یەكەمین كۆنگرەی لە 10/1/2018 لە شاری سلێمانی سازكرد و بەرهەم ساڵح بە سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە هەڵبژێردرا.

مستەفا عەبدوڵڵا، لەبارەی پەیوەندی ئەو دوو سەركردەیەیان بە هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵحەوە گوتی "ئەوان تاوەكو ئێستا دەستلەكاركێشانەوەیان لە حیزب پێشكەش نەكردووە، بەڵام پەیڕەو و پرۆگرامی یەكگرتوو بەڕوونی باس لەوە دەكات كە هەر ئەندامێك چووە ناو حیزبێكی دیكە، یان قەوارە و لیستێكی هەڵبژاردن، راستەوخۆ لەچوارچێوەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان نامێنێ".

محەممەد رەئوف یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی یەكگرتووی ئیسلامی، دوو خول سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو بوو. لەسەر پشكی ئەو حیزبە و لە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا پۆستی وەزیری بازرگانی وەرگرت. لە دوو كۆنگرەدا خۆی بۆ پۆستی ئەمیندار كاندید كرد و دەرنەچوو، دوایین پۆستیشی لەنێو یەكگرتوو راوێژكاری باڵای ئەمینداری یەكگرتوو بووە.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكگرتوو، لەدەستدانی ئەندامێتی بەو هۆكارانە دەبێ‌: كشانەوە لە ئەندامێتی حیزب بە پێشكەشكردنی وازنامە لە حیزب بە نووسین. دەركردن. مردن. ئەندامبوون لە حیزبێكی دیكە.

یەكێتی: بەرهەم ساڵح پەیوەندی بە ئێمەوە نەماوە

قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە سەرۆكایەتیی بەرهەم ساڵح، لە رۆژی 16ی ئەیلولی 2017 لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان تۆمار كرا. پاشان لە 27ی كانوونی یەكەم بەفەرمی مۆڵەتی كاركردنی لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق وەرگرت.

دەرچوونی بەرهەم ساڵح لە ریزەكانی یەكێتی تازە نییە. لە كۆبوونەوەی رۆژی 24/10/2017ی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا لە سلێمانی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی بەرهەم ساڵح تاوتوێ كرابوو. لە راگەیێندراوی دوای كۆبوونەوەكەدا هاتبوو "وەكو سەرۆك مام جەلال فەرموویەتی، نە بە كەس دەڕووخێین ‌و نە كەسیشمان لێ زیادە، هەموو هەڤاڵێك ئەركێتی یەكێتی ناو یەكێتی بپارێزێ‌. لەهەمانكاتدا هەر هەڤاڵ ‌و گرووپێك ئازادن لە دەرەوەی یەكێتی رێبازی دیكە هەڵبژێرن".

لەبارەی چارەنووسی بەرهەم ساڵح و كادیرەكانی دیكەی یەكێتی كە چوونەتە نێو ئەو قەوارەیە، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە (رووداو)ی راگەیاند: "یاسایەك لە هەرێمی كوردستان هەیە كە كاری پێدەكرێت، یاساكە دەڵێت یەك كەس ناتوانێت ئەندامی دوو حیزب بێت، بۆیە كاتێك واز لە حیزبێك دێنێ و دەچێتە ناو حیزبێكی دیكە بەشێوەی ئۆتۆماتیكی حیزبی دووەمی بۆ حیساب دەكرێ".

فەرید ئەسەسەرد سەبارەت بە دەستلەكاركێشانەوەكەی بەرهەم ساڵح گوتی "لە رۆژی بەستنی كۆنگرەی هاوپەیمانییەوە، بەرهەم ساڵح پەیوەندی بە یەكێتییەوە نەماوە".

لە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیدا سەبارەت بە لەدەستدانی ئەندامێتی و سزادانی هاتووە "ئەندام لە ئەندامێتی (ی.ن.ك) دەكەوێت بەهۆی مردن، وازهێنان یان دەركردنی". لە هۆیەكانی دەركردنیش هاتووە "ئەندام لەو بارانەدا دەردەكرێ‌:  كاركردن دژ بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و نیشتیمان. 

پەیوەندیكردن بە هەر لایەنێكی دیكەی سیاسی. كاركردن دژ بە سیاسەتی (ی.ن.ك) و هەوڵدان بۆ تێكدانی ریزەكانی. بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بخاتە سەرووی بەرژەوەندی (ی.ن.ك). دركاندنی نهێنییەكانی (ی.ن.ك). كاركردن دژ بە پاڵێوراوان و بەرنامەی (ی.ن.ك) لە كاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا. لە پەیڕەو و پڕۆگرامی (ی.ن.ك) لا بدات. هەر ئەندامێك لە هەر پلەیەكدا بێت تاوانێكی ئابڕووبەری سەلمێنراو بە بڕیارێكی دادگایی ئەنجامدابێت مافی ئەندامێتی لێدەسەنرێتەوە.

كۆمەڵ: ئارام قادر دەستی لەكاركێشاوەتەوە

یەكێك لەو حیزبانەی باس لەوە دەكرێت زۆرترین كادیر و ئەندامیان چووبێتە نێو هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، كۆمەڵی ئیسلامییە. لەدیارترین ئەو كەسانە ئارام قادر یەكێك لە دامەزرێنەرانی كۆمەڵ و سەرگوڵ قەرەداخی پەرلەمانتاری پێشووی ئەو حیزبەن.

بیلال سلێمان، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی و بەرپرسی ناوەندی حكومەت و پەرلەمانی ئەو حیزبە بە(رووداو)ی گوت: "ئێمە پێمانوایە حیزبایەتیكردن شتێكی ئیختیارییە و هەركەس دەتوانێت لە هەر حیزبێكدا بیەوێت بەشدار بێت. بەڵام لەنێوان ئەو كەسانەی لە ئێمە جیابوونەتەوە هەیانە دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش كردووە و كادیریشمان هەبووە بەبێ دەستلەكاركێشانەوە رۆیشتووە و ئەوانە هیچ پۆستێكی رەسمییان لەنێو كۆمەڵ نەبووە".

سەبارەت بە ئارام قادر كە لە دامەزرێنەرانی كۆمەڵی ئیسلامی بووە و ئێستا لە دامەزرێنەرانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییە، بیلال سلێمان گوتی: "كاك ئارام قادر دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش كردبوو، دوای ئەوەی گفتوگۆی لەگەڵ كرا و قەناعەتی وابوو كە وازبێنێ، دەستلەكاركێشانەوەكەی قبوڵ كرا".

ئەندامێتی لە هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح

زۆربەی كادیران و ئەندامان و دامەزرێنەرانی ئەو هاوپەیمانییە لە حیزبەكانی دیكەی وەك یەكێتی، كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتوو جیابوونەتەوە و چوونەتە نێو ئەو هاوپەیمانییە. بە پێچەوانەی حیزبەكانی دیكەی باشووری كوردستان، لە پەیڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریدا هیچ بڕگەیەك نییە دەربارەی ئەوەی ئەندامێكی ئەوان نەتوانێ لە حیزبێكی دیكە ئەندام بێت.

لە پەیڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و لە ماددەی 11 دا كە تایبەتە بە لەدەستدانی مافی هاودید و هاوكار، هاتووە: هەر هاودید و هاوكارێك لەم بارانەدا مافی بەشداریكردن لە هاوپەیمانێتی لەدەستدەدات (زیانگەیاندن بە هاوپەیمانێتی. ئامادەنەبوونی لە سێ كۆبوونەوەی یەك لەدوای یەك بەبێ بیانوویەكی رەوا. ئەگەر لەبەر ئەنجامدانی تاوانێكی مەبەستدار حوكمێكی پلە كۆتایی لە دژی دەرچووبێت).