لە عەربەت ئاگر لە کارگەیەکی رۆن کەوتووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 


لە عەربەت ئاگر لە کارگەیەکی رۆنی ئۆتۆمبێل کەوتووەتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.
 
خاوەنی کارگەکە بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "شوێنەکە کۆگەی دەبە و کارتۆنی کارگەی رۆنە، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە کەوتووەتەوە و زیانێکی زۆر بەر کارگەکە کەوتووە." 
 
گوتیشی کاتێک ئاگرەکە کەوتووەتەوە، کرێکارەکان لە ژوورەوە خەریکی کارکردن بوون، بەڵام هیچ زیانیان پێنەگەیشتووە و هەموویان سەلامەتن. 
 
گوتیشی کە 25٪ بۆ 50٪ـی کارگەکە سووتاوە و "نزیکەی ملیۆنێک دۆلار زیانمان پێگەیشتووە." باسی لەوەش کرد کە ئاگرکوژێنەوە زوو فریانەکەوتووە. لەبارەی مەرجەکانی سەلامەتیشەوە گوتی، هەموو مەرجێکی سەلامەتی و ئاگرکوژێنەوە لە کارگەکەدا هەبوون.