پارێزگاری هەولێر: هێرشەکە کردەوەیەکی تیرۆریستییە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر لەدوای هێرشەکان رایگەیاند، "کردەوەیەکی تیرۆریستییە، کارێکی نامرۆڤانە دەرهەق بە هەولێر کراوە، هەولێر ناترسێ و ناهەژێ."
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە بارەی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر چەند ناوچەیەکی سڤیلنشین لە هەولێر، بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "هەولێر زۆر ئارامە، هەموو هێزەکان لە خزمەتی خەڵکدان، کردەوەیەکی تیرۆرستیی بووە و کارێکی نامرۆڤانەیە، دەرهەق بە هەولێر کراوە، هەولێر ناترسێ و ناهەژێ."
کاژێر نزیکەی 11:30ـی شەوی دووشەممە، 15-01-202، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە شاری هەولێر و دەوروبەری بیستران، هەرزوو سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێیتی هێرشەکەی لە ئەستۆگرت و رایگەیاند بە مووشەکی بالیستی هێرشەکەی کردووە.
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: "وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ تاوانە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییانەی دوژمنانی ئێران، بنکە سیخوڕییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی گرووپە تیرۆریستییەکانی دژبەری ئێران درەنگانی ئەمشەو، لە هەندێک شوێنی ناوچەکە، بە مووشەکی دوورهاوێژ کرانە ئامانج."
پارێزگاری هەولێر: ئەو هێرشەی کە کراوەتە سەر هەولێر تیرۆریستییە#أربيل pic.twitter.com/Jh6gRWBBEY
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 15, 2024
شەوی سێشەممە 16-01-2023 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکە رایگەیاند بە چەندین مووشەکی بالیستی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە هێرشکراوەتە سەر هەولێر و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت: "سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، ئەم هێرشە بۆ سەر چەند پێگەیەکی گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە. ئەم بیانووە بێ بنەمایە و ڕەتی دەکەینەوە، بەداخەوە هەمیشە بیانووی بێبنەما بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر بەکار دێنن و هەولێر وەک دەڤەرێکی سەقامگیر هیچ کات سەرچاوەی هەڕەشە نەبووە بۆ سەر هیچ لایەنێک."