لە شرنەخ رۆژنامەڤانێکی کورد لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
نەدیم ئۆروچ، رۆژنامەڤانێکی شارۆچکەی جزیری سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستانە، لەلایەن چەند پۆلیسێکەوە لێیدرا و دواتر دەستگیرکرا.
ئەو رۆژنامەڤانە کە بە کامێراکەی دیمەنی خۆپێشاندانی پشتیوانی بۆ گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبی تۆمار دەکرد، شەوی چوارشەممە 14-1-2026، چەند پۆلیسێک هەڵیانکوتایە سەری.
لەو خۆپێشاندانەدا بەشداربووان دژی هێرش و پێشێلکاریی چەکدارانی سەر بە دیمەشق لە دژی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، دروشمیان دەگوتەوە. زیاترینیش دروشمی 'بژی بەرخۆدانی رۆژئاوا'یان دەگوتەوە.
دیمەنی ئەو ساتە تۆمارکراوە کە پۆلیسەکان لە گەڕەکی نووری جزیر، رۆژنامەڤان؛ نەدیم ئۆروچ دەبەن. ئەوەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی زۆری دروست کردووە.
عەلی بۆزان، پەرلەمانتاری دەم پارتی دیمەنەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "ئێرە جزیرە. نەدیم ئۆروچ کە رۆژنامەڤانی ئاژانسی وڵاتە و کاری خۆی دەکات، لەلایەن پۆلیسەوە لێیدەدرێت و راپێچ دەکرێت. چییە ئەو دووژمنکارییەی کورد لەلایەن پۆلیسەکانی ژێر فەرمانی ئێوە؟"
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی هەروەها داوای کردووە، چی زووە رۆژنامەڤان نەدیم ئۆروچ ئازاد بکرێت.