جەژنی خدر ئەلیاسی کوردی ئێزدی بەڕێوەدەچێت

رووداو - باعەدرێ

رێوڕەسمەکانی تایبەت بە جەژنی خدر ئەلیاسی کوردانی ئێزدی دوێنی دەستیانپێکرد و تاوەکو سبەیش بەردەوام دەبن.

دووەم رۆژی جەژنەکە کە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت بە "جەژنی نەبی" ناوزەدکراوە. کوردانی ئێزدی گرنگییەکی زۆر بە جەژنی خدر ئەلیاس دەدەن و پێیانوایە لەو مانگەدا دەرگای خێر و بەرەکەت بەسەر خەڵکدا دەکرێتەوە، ئەو کوڕ و کچانەش کە دەیانەوێ ژیانی هاوبەش پێکبێنن، بە ئارەزووی دڵیان دەگەن. 

یەکێک لە رێوڕەسمەکانی ئەو جەژنە ئەوەیە؛ گەنم و جۆ سووردەکرێنەوە و پێیان دەگوترێت قەلاندۆک. هۆشیار یەزدین، پیاوێکی ئایینی کوردانی ئێزدییە و باس لەوە دەکات "نابێت لەم جەژنەدا هیچ ئاژەڵێکی وەکو چێڵ، بزن یان مەڕ سەری ببڕێت، چونکە گوناحە".

لە رۆژی جەژنی خدر ئەلیاسدا، ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدی دەچنە مەزار و پەرستگەکانی نزیک شوێنی نیشتەجێبوونیان و نزادەکەن، هەروەها بەپێی بیرەوباوەڕی ئێزدییەکان، هەرکەسێک ناوی خدر یان ئەلیاس بێت، دەبێت لەماوەی ساڵێکدا سێ رۆژی لەسەر یەک بەڕۆژوو بێت.



 

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار