چیا و نما نەوشیروان مستەفا: لەسەر گردەکە جارێکی دیکە دڵنیایی دەدەینەوە


رووداو دیجیتاڵ

نما و چیا نەوشیروان مستەفا، کوڕانی دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕان نامەیەکی کراوە بۆ هەردوو جڤاتەکەی بزووتنەوەی گۆڕان و لیژنەی ئامادەکاریی بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانی دەنێرن و لە شەش خاڵدا باسی هەستانەوەی بزووتنەوەکە دەکەن. رۆژی شەممەی رابردووش هەردوو جڤاتەکەی گۆڕان نامەکەیان تاوتوێکردووە و زۆرینەی ئامادەبووان بە پەسند هەڵیان سەنگاندووە.
 
رۆژی 29-1-2023، چیا و نما، هەردوو کوڕی نەوشیروان مستەفا، دامەزرێنەری کۆچکردووی بزووتنەوەی گۆڕان نامەیەک بۆ ئامادەکاری بۆ قۆناخی هەستانەوەی بزووتنەوەکە کردووە و لە بەشێکی دا دەڵێن، "لەسەر پرسی گردەکە جارێکی دیکە دڵنیایی دەدەینەوە کە تاکە بژاردە و خواستی باوکمان ئەوە بوو کە گردی زەرگەتە ماڵ و قەڵای گۆڕانخوازان و گۆڕانێک دەبێت کە لە بەرەی گەلدا بمێنێتەوە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو؛ رۆژی شەممە، 11-2-2023، لە کۆبوونەوەی هەردوو جڤاتی نیشتمانی و گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان تاوتوێی نامەکە کراوە و راجیایشی لەسەر هەبووە، لەگەڵ تێبینییەکان لە نامەکە، بەڵام بەشی زۆری ئەندامانی هەردوو جڤاتەکە لەگەڵ ناوەڕۆکی نامەکە کۆک و رازی بوون.
 
نما و چیا نەوشێروان مستەفا لە نامەکەیاندا باسی ژمارەیەک پرسی نێوخۆیی بزووتنەوەکە و کێشەکانی دەکەن و چارەسەریش دەخەنە بەردەستی ئەوانەی نامەکەیان بۆ  ناردوون، لە نامەکەیاندا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کۆنفرانسی نیشتمانی ببێتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی رازی و ناڕازییەکانی بزووتنەوەکە و وای دەنووسن کە نامەکە گوزارشت لە بۆچوونی ئەوانەش دەکات کە لە رابردوودا لەگەڵیان کۆبوونەتەوە.
 
لە نامەکەدا هاتووە: "کۆنفرانسێک ئەگەر نەبێتە چەتری کۆکردنەوەی سەرجەم هاوڕێیانی ئەمڕۆ و دوێنی، ئەگەر کۆنفرانسێک ئاشتەواییەکی مانادار و راستەقینە بەرقەرار نەکات، بێگومان ئەنجامدانی زیانی گەورەی دەبێت و بە جۆرێک لە پیشاندانی بێمنەتی و بێباکی دەکەوێتەوە بەرامبەر هەموو ئەو گۆڕانخوازانەی کە ئێستا لە دەرەوەی بزووتنەوەکەن و کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات."
 
جەختیش لەوە دەکەنەوە کە "لەم قۆناخەدا گۆڕان و گۆڕانخوازان هەر ئەوانە نین کە بەشێوەی فەرمی لە چوارچێوەی بزووتنەوەکەدا ماونەتەوە، بەڵکو بەشە هەرە گەورەکەی گۆڕانخوازان ئەو دەنگدەر و هەڵسووڕاوانەن کە لە دەرەوەی بزووتنەوەکەن و رەخنەی دروست و جدییان هەیە لەسەر سیاسەت و هەڵوێستی ئێستای بزووتنەوەکەمان و لەمەشدا حەقدارن."
 
نامەکەی کوڕانی دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕان لەکاتێکدا دێت، بەهۆی راجیایی و ئەو نووشستانەی بەسەر بزووتنەوەکەدا هاتن، لەماوەکانی رابردوو ژمارەیەکی بەرچاو سەرکردەی بزووتنەوەکە لەسەر ئاستی ریزی یەکەم و دووەم و لایەنگران و دەنگدەرانی بزووتنەوەکەش دەستبەرداری گۆڕان بوون. 
 
چیا و نما لە نامەکەیاندا سەبارەت بە کۆنفرانس زیاتر دەڵێن: "لەم سۆنگەیەوە کۆنفرانس بەبێ رۆڵ و ئامادەیی نوێنەرایەتی و دەنگ و رەنگی راستەقینەی ئەو جەماوەرە دڵسۆزە گۆڕانخوازەی کە لە سەرەتای دروستبوونی ئەم جووڵانەوەیە تائێستاش، دەبێتە کۆنفرانسی کوژانەوەی دوا تروسکایی هیوا بە بزووتنەوەکەمان و لەڕیشەوە رەسەنایەتی خۆی دایدەبڕێت. ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە و لەژێر هیچ پاساوێکدا نابێت رێگەی پێبدەین، چونکە بەرپرسیارێتیی مێژوویی و ئەخلاقی بەدواوەیە."
 
کوڕانی نەوشیروان مستەفا لە چەند شوێنێکی نامەکەیاندا پێداگری لەسەر ئاشتکردنەوەی ئەو سەرکردە و لایەنگر و گۆڕانخوازانە دەکەن کە لەماوەکانی رابردوودا و بە هۆکاری جیا لە بزووتنەوەکە زویر بوون و جەخت لەسەر بانگکردنەوەیان بۆ نێو بزووتنەوەکە دەکەنەوە، شەش خاڵیش وەکو چارەسەری کردەیی بۆ دۆخەکانی نێو بزووتنەوەکە ناویانهێناوە، دەخەنەڕوو، کە ئەمانەن: 
  
1- پێکهێنانی دەستەیەکی کاتی بەهێز و شایستە کە لە ئاستی چاوەڕوانی و ئاڵنگارییەکانی ئەم قۆناخەدابن، بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان (بۆ قۆناخی راگوزەر)، لە غیابی رێکخەر و خانەی راپەڕاندندا.
 
2- ئەم دەستەیە پێکدێت لەوانەی ئێستا لە ناو گۆڕاندان و بەشێک لە تیمی حکومەت و ئەوانەشی لە دەرەوەی گۆڕانن.
 
3- ئەم دەستەیە خاوەنی بڕیار و دەسەڵاتی تەواو دەبێت لەسەر هەر پرسێکی پەیوەندیدار بە ژیانی سیاسی و رێکخراوەی بزووتنەوەکە، لەوانە: پرسی گوتاری سیاسی، چارەنووسی گۆڕان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتە خۆجێیەکان و پەرلەمان و بەستنی کۆنفرانسی نیشتیمانی.
 
4- کێشەکانی گۆڕان دابەش بکرێن بۆ چەند دۆسیەیەک و هەر دۆسیەیەک لەلایەن کۆمیتەیەکەوە کاری تێدا دەکرێت، بە سەرپەرشتی دەستەی بەڕێوەبردنی کاتی بۆ نموونە: (دۆسیەی هەڵبژاردنی ناوخۆیی و کۆنفرانس، دۆسیەی پێداچوونەوە بە دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆ، دۆسیەی پێداچوونەوە بە گوتاری سیاسی و میدیایی، دۆسیەی دارایی، دۆسیەی دروستکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان…
 
5- لە ماوەی رابردوودا لەلایەن هەڵسووڕاوان و دۆستانی گۆڕانەوە دەیان پرۆژە و پێشنیاز پێشکێشی بزووتنەوەکەمان کراوە، بە سوودوەرگرتن لەو پێشنیازانەش دەکرێت نەخشەڕێگەیەکی ورد دابنرێت، لە پاڵ ئەمەدا دەبێت کاتبەندیی تەواو بۆ هەنگاوەکان دابنرێت (بۆ نموونە شەش مانگ) و دڵنیایی تەواو بە رای گشتیی گۆڕانخوازان بدرێت، کە هەموو هەنگاوەکان لە کاتی خۆیدا جێبەجێدەکرێن.
 
6- لە پاڵ ئەو خاڵانەی سەرەوەدا دەمانەوێت ئێمەی کوڕانی نەوشیروان مستەفا وەک دوو هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەش بڵێین: بە هەموو شێوەیەک هاوکار و پشتیوان دەبین بۆ سەرخستنی ئەو هەنگاوانەی باسمان کرد، بە دیاریکراویش لەسەر پرسی گردەکە جارێکی دیکە دڵنیایی دەدەینەوە کە تاکە بژاردە و خواستی باوکمان ئەوە بوو کە گردی زەرگەتە ماڵ و قەڵای گۆڕانخوازان و گۆڕانێک دەبێت کە لە بەرەی گەلدا بمێنێتەوە، جێگەیەک بێت بۆ خزمەتی گشتی و بەرگریکردن لە چاکەی گشتی، لە پاڵ ئەوەشدا خەونەکانی باوکمان دەهێنینەدی بە دامەزراندنی ناوەندێکی رۆشنبیری بۆ پێگەیاندن و خزمەتکردن بە نەوەکانی داهاتوو.
 
کوڕانی نەوشێروان مستەفا کە لەدوای نوشستەکانی بزووتنەوەکەوە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021ـەوە یەکەم جارە قسەی روونی خۆیان بکەن، لە کۆتایی ئەو نامەیەدا کە تێیدا خۆیان وەکو هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان ناساندووە دەڵێن: "ئێمە قسەی دڵی زۆرینەی خەمخۆرانی گۆڕان و خۆمان کرد، ئێوەش ئازاد لەوەی کە چ هەنگاوێک هەڵئەگرن."
 
رۆژی 25-07-2009 گۆڕان لەژێر سەرپەرشتیی نەوشیروان مستەفا و لە یەکەم بەشداریی هەڵبژاردندا، 25 کورسیی پەرلەمانی کوردستانی بردەوە، بەڵام لەدوای کۆچی دوایی دامەزرێنەرەکەیان، بزووتنەوەکە کورسییەکانی بۆ نیوە کەمبووەوە، دوای ئەوەی کە بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 10-10-2021 نەیتوانی هیچ کورسییەک بەدەستبهێنێت، رۆژی چوارشەممە 13-10-2021 رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە و خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕانیش رایگەیاند لە نزیکترین کاتدا دەستەیەک بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێکدێنن. 
 
رۆژی چوارشەممە، 15-2-2023، سیروان ئەبوبەكر محەممەد حه‌مه‌شه‌ریف، ئەندامی‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنەوەی گۆڕان، لەبارەی نامەکەوە بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەڵێ نامەکە بۆ هەردوو جڤات نووسراوە و کوڕانی کاک نەوشیروان وەکو تەوریسی سیاسیی نێو حیزبەکانی دیکە نامەکەیان نەنووسیوە، بەڵکو وەکو دوو خەمخۆر و هەڵسوڕاوی گۆڕان، ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان دەستی بە ئاشتەوایی کردووە و دەیەوێت هەموو ناڕازییەکانی ئاشت بکاتەوە و، هەنگاوەکانی بۆ هەستانەوە و سەرپێخستنەوە دەستیپێکردووە."
 
دەشڵێت، "بزووتنەوەی گۆڕان لەبەردەم کۆنفرانسی نیشتمانیدایە و بە نیازی خۆنوێکردنەوە و هەستانەوە بوو، بەڵام ئەم نامەیەش گوڕێکی دیکە بە هەستانەوەکە دەدات، چونکە ناوەڕۆکی باشی تێدایە و دەکرێت سوودی لێوەربگیرێت."
 
بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 10-10-2021 لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لە هاوپەیمانییەکی هاوبەش بە ناوی هاوپەیمانیی کوردستان بەشداریی هەڵبژاردنی کردبوو، بەڵام نەیتوانی هیچ کورسییەکی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنێت.
 
رۆژی 11-10-2021 خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێکی لەبارەی کەمبوونەوەی دەنگەکانی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لێبووردنی لە دەنگدەرانی کردووە و دەڵێت: "بەربژێرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەهێنا و سەرنەکەوتوون".
 
جگە لە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان بە چوار وەزیر، لەوانە وەزیری دارایی و ئابووری و دەیان بریکاری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی و بەرپرس لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارە.