خولێکی دیکەی هاوبەشی رووداو و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ راهێنانی ژنانی رۆژنامەڤان کۆتاییهات

 
رووداو دیجیتاڵ

رووداو و نەتەوە یەکگرتووەتەکان کۆتاییان بە دووەمین خولی راهێنان بە ژنانی رۆژنامەڤان هێنا، لە خولەکە 22 رۆژنامەڤانیی خەڵکی بەغدا بەشداربوون و زانیارییان لەبارەی بنەماکانی رۆژنامەگەری پێگوترایەوە.
 
شەهد کەریم، یەکێکە لە ژنە رۆژنامەڤانەکانی بەشداری خولەکە و گوتی، "بە بۆچوونی خۆم ئەم راهێنانە تیشکی خستەسەر دوایین پێشهاتەکانی جیهانیی راگەیاندن، نەک تەنیا ئەوەی بزانین راگەیاندن و کەرەستەکانی راگەیاندن چییە، بەڵکو ئێمە لەماوەی ئەم چەند رۆژەدا گرنگترین بابەتەکانی میدیامان خوێند، لەوانەش میدیای دیجیتاڵی، بابەتەکان نوێ بوون، هاوکات بووە لەگەڵ پەرەسەندنەکانی میدیا لە جیهاندا، ئەوەش خاڵێکی زۆر گرنگە."
 
رۆژی 07-12-2023، سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA) لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو بەفەرمی هاوبەشییەکیان بۆ دەستپێکردنی پڕۆگرامێکی تایبەت بە راهێنانی ژنان لە بواری میدیا و رۆژنامەگەری لە سەرانسەری عێراق راگەیاند. بڕیارە بۆ ماوەی 12 مانگ بەردەوام بێت.
 
نورهودا ریاز، بەشداربووی خولەکە دەڵێت، "زانیارییەکان زۆر بەرهەمداربوون، فێری ئەوەبووین کە چۆن بەشێوەیەکی گشتی ئیدارەی راگەیاندن و رۆژنامە بکەین، بەتایبەتی لە داهاتوودا چی دیاری  دەکەین، چۆن دەتوانین لەسەر بنەمای ئەم مەشق و راهێنانە کاربکەین و چیمان لە ئەوان و خۆمان بەرهەمهێناوە.
 
فاتمە رەشید، بەشداربوویەکی دیکەی خولەکەیە و دەڵێت: "زۆر سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداو دەکەم بۆ ئەم دەستپێشخەرییە زۆر جوانە کە گەنجان، بەتایبەتی ژنان سوودیان لێوەگرت، وەک ژنان و کچانی گەنج لە کۆمەڵگەی عێراقی دا پێویستمان بەم جۆرە دەستپێشخەریانە هەیە. زۆر خۆشحاڵیم و شانازی دەکەم کە بەشداربوومە لەم دەستپێشخەرییە، ئەوە یەکەم دەستپێشخەرییە بۆم و یەکەمجاریشە بەشداری خولێکی میدیایی دەکەم." 
 
رووس کۆڤێردۆڵ، بەڕێوەبەری پێشخستن لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا خولەکەی بەسەرکردەوە و لەبارەی خولەکەوە گوتی، "زۆر نایابە کە ژنان لێرە دەبینم راهێنانیان پێدەکرێت لەسەر وەرگرتنی هەموو ئەو کارامەییانەی کە پێویستیان پێیە لەگەڵ ئەو رۆژنامەنووسانە پێموایە ئەو کارەی کە لەگەڵ رێکخراوی سیید کراوە و باسی تووندتیژییەکانی رەگەزی و ئاڵنگارییەکانی دەکەن بۆ ئەوەی یارمەتییان بدرێت دڵنیا ببنەوە لەوەی ئەو رووداو و کێشانە بە تەواوی بڵاودەکرێنەوە، بۆیە ئەمە هاوبەشییە لەنێوان رێکخراوە جیاوازەکانەوە دێنە ئێرە و یەکدەبینن، پەرۆشم کە بەریتانیاش ببێتە بەشێک لەمە."