قوتابییەکی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی شوەیفات چیرۆکێک بە زمانی ئینگلیزی بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە هەنگاوێکی دەگمەن و نموونەییدا، قوتابخانەی نێودەوڵەتیی شوەیفات لە شاری هەولێر، رێوڕەسمێکی تایبەتی بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی چیرۆکی "The Shadow In The Mirror – تارماییەک لەنێو ئاوێنەدا" رێکخست، کە لە نووسینی قوتابی تەمەن 11 ساڵان، لاسک شێروان تالیبە.
 
لاسک کە قوتابی قۆناخی شەشەمی بنەڕەتییە، پشووی هاوینی رابردووی تەرخان کردووە بۆ نووسینی ئەم چیرۆکە فەنتازیایە بە زمانی ئینگلیزی. پاش ئەوەی کارەکەی لەلایەن مامۆستایانی زمان و داڕشتن لە قوتابخانەکەی هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و پەسند کرا، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەر و مامۆستایان و هاوپۆلەکانی، کتێبەکەی بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کرا.
 
لاسک شێروان لەبارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەیەوە بە رووداوی راگەیاند، "چیرۆکەکە باس لە کچێک دەکات کە لە رێگەی ئاوێنەیەکەوە لەنێو کتێبخانەیەکدا دەچێتە نێو جیهانێکی دیکە و لەوێ لە رێگەی تارماییەکەوە چەندین نهێنیی جۆراوجۆر دەدۆزێتەوە".
 
گوتیشی، "ئەمە یەکەم هەوڵی منە و زۆر خۆشحاڵم کە بە پشتیوانیی خێزانەکەم و قوتابخانەکەم توانیم سەرکەوتوو بم، بەردەوامیش دەبم لە نووسین".
 
لە رێوڕەسمەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی و سەرپەرشتیاری ئەکادیمیی قوتابخانەی شوەیفات دەستخۆشییان لە لاسک کرد و ئاماژەیان بەوە دا کە بوونی نووسەرێکی وا بەهرەمەند لەو تەمەنەدا جێگەی شانازییە بۆ ناوەندی پەروەردەیی.