حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەکات
رووداو-هەولێر
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە کۆی 393 دەنگ بڕیاریدا لەسەر بەجینۆساید ناساندنی کردەوەکانی رێکخراوی داعش لە عێراق و سووریا بەرامبەر کەمینە ئایینی و مەزھەبییەکان.
بەپێی بڕیارەکە، ئەو کردەوانەی کە داعش دژ بە کوردی ئێزدی و کریستیان و پەیرەوانی ئایینەکانی دیکە ئەنجامیداون، جینۆسایدن و پێویستە لەبەردەم دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كرد و لەبارەی بەجینۆساید ناساندنی كردەوەكانی داعش لە دژی كوردی ئێزدی و كریستیان و كەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەكانی دیكە لە عێراق و سووریا رایگەیاند: "خەڵك و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگەرمی پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا دەکەن".
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایکرد: "هەنگاوەکانی دیکە لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە بنرێت بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە".
شەوی دووشەممە 14-3-2016 لە میانەی كردنەوەی زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەوەی ئاشكرا كرد، كە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی هەنگاوی باش نراون بۆ بەجینۆساید ناساندنی كارەساتی سەر كوردانی ئێزدی و كریستییان و كەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەكانی دیكەی عێراق و، وەك حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هەوڵەكانیان لەو بارەیەوە بەردەوام دەبن.
ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەران رێخۆشکەرە بۆ دۆسیەی بەجینۆساید ناساندنی کردەوەکانی داعش کە ئەو دۆسیەیە لەلایەن جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە بەڕێوە دەبرێت، بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند ھەفتەی داھاتوودا ببێت بە بڕیاری ئیدارەی ئەمریکا و دواتر کاری یاسایی پێویستی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ بکرێ و بەهۆیەوە تاوانباران راپێچی بەردەم دادگای نێودەوڵەتی بکرێن.
ئەمە دووەمجارە لە ئەمریکا، تاوانی لەو شێوەیە بڕیاری بۆ بە جینۆساید ناساندنی بۆ دەردەکرێت، یەکەمیان، لە دارفۆر ساڵی 2004 کە کوشتاری کریستیانەکان بە جینۆساید ناسێندرا و کۆڵن پاوڵ، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا دۆسیەکەی بەڕێوە برد.
بەپێی سەرچاوەکان ھەمان ئەو مەرجانەی کە بۆ دۆسیەی دارفۆر بۆ کۆڵن پاوڵ لەلایەن شارەزا یاساییەکانی ئامادەکرابوو، دراوە بە ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بۆ دۆسیەی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش .
دوای نزیکەی 18 مانگ لە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رۆژی سێشەممە 15-3-2016 بە کۆی دەنگ کەیسی کوردانی ئێزدی بە جینوساید ناساند.
پێشبینیدەکرا دەنگدان لەسەر کەیسەکە بەزۆرینە تێپەڕێنرێت، بەڵام لەکۆی 393 کۆنگرێسمان کە ئامادەی دانیشتنەکە بوون پرۆژەکە 393 دەنگی بەدەستهێنا واتا هیچ دەنگێ دژی کەیسی کوردانی ئێزدی نەوەستایەوە.