سەهەند لە یادی لەدایکبوونیدا بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا

رووداو - هەولێر

لە شەقڵاوە منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵان لە یادی لەدایکبوونیدا ئۆتۆمبێل لێیدەدات و گیانی لەدەستدا.

کاروان زرار، خاڵی سەهەند ئەمیر بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، سەهەند رۆژی پێنجشەممەی رابردوو (8-3-2018) لەگەڵ مامۆستا و قوتابییانی قوتابخانەکەی لە گەشتی بەهارە بوو، ئێوارە لەکاتی گەڕانەوەیان لە مزگەوتێک بۆ دەست شووشتن لادەدەن، لەکاتی هاتنەوە بۆ نێو ئۆتۆمبێلەکەیان لە نزیک گوندی ئاقوبانی سەر بە شەقڵاوە، ئۆتۆمبێلێک لە سەهەند دەدات.

دوای هەفتەیەک مانەوەی لە نەخۆشخانە، لە رۆژی چوارشەممە 14-3-2018، کە دەکاتە یادی لەدایکبوونی، سەهەند لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

بەگوتەی کاروان زرار شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە دەستگیرکراوە. ئەو دەڵێت "رووداوەکە قەزاوقەدەرە و هیچی لەگەڵ ناگوترێت".

سەهەند ئەمیر کەمال لە رۆژی 14-3-2011 لەدایکبووە، لە 14-3-2018 و لە تەمەنی حەوت ساڵیدا گیانی لەدەستدا.



ئەوە یەکەم خەمی ئەو خێزانە نییە، لە ساڵی 2015ـش دایکی سەهەند لەکاتی نووستندا کۆچی دوایی کردووە. 

سەهەند منداڵی ناوەنجی خێزانەکەی بوو. دوو برای دیکەشی هەیە.