دەروازەی باشماخ وەڵامی عێراق دەداتەوە؛ بۆ زیادکردنی گوشار بابەتی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێت، بەشی زۆری ماددەی هۆشبەر لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێت، گوتەبێژی دەروزەی سنووری باشماخیش وەڵامی قسەکانی دایەوە و رایگەیاند، ئەو جۆرە قسانە لە چوارچێوەی گوشارخستنەسەر هەرێمی کوردستانن.
لیوا عەممار وائیلی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لەبارەی بەکارهێنان و زۆربوونی ماددەی هۆشبەر لە عێراق رایگەیاندبوو، دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا نین. "هەرچەندە بڕیاری ژمارە 13ی ساڵی 2019 هەیە لەوبارەیەوە، لە هەرێمی کوردستان دەروازەی سنووری فەرمی و نافەرمی هەن. بەشی زۆری ماددە هۆشبەرەکان لە دەروازە نافەرمییەکان دەستی بەسەردا دەگیرێت و هاوردە دەکرێن."
لە میانەی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکەشی دەکات، ئیسماعیل عەلی، گوتەبێژی دەروازەی سنووریی باشماخ وەڵامی ئەو قسانەی لیوا عەممار وائیلی دایەوە گوتی، "بەڕێز لیوا عەممار یان هەر بەڕێزێکی دیکەی حکومەتی ناوەند هەر شتێک لەو کاتەدا دەڵێن، دەچێتە چوارچێوەی ئەو کارتی گوشارەی حکومەتی عێراق بە هەموو شێوەیێک دەیەوێت بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەکاری بهێنێت."
لە دەروازەی باشماخ، یاریدەریێتیی ئاسایشی باشماخ هەیە، ئیسماعیل عەلی گوتی، زیاتر ئەوان پەیوەستن بە کاری رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر. دەشڵێت "لە رووی دابینکردنی ئەمنیەت و بابەتی رووبەڕووبوونەوەی قاچاخی ماددەی هۆشبەر ئەوان 24 کاژێر لە ئەرکدان و بە رۆڵی خۆیان هەڵساون."
دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ دەروازەیەکی فەرمییە، گوتەبێژەکەی گوتی: لەچوارچێوەی یاسا و رێنماییەکانی مەرجەعی خۆمان کاردەکەین کە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانە، لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیشەکان بەشێوەی یاسایی و بەڕێکی بەڕێوەدەچێت. "ئێمە بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەین، وابەستەنین بە حکومەتی عێراق و هیچ شوێنێکی دیکەوە."
لە دەروازەی باشماخ، بە میکانیزمی نوێ کارەکان جێبەجێ دەکرێت، ئیسماعیل عەلی رایگەیاند، 22 بەڕێوەبەرایەتی و بنکە و یەکەی پشکنین لە دەروازەکە هەن، هەریەکەی جێبەجێکاری رێکار و رێنماییەکانی وەزارەتی خۆیانن.
ئەوەشی روونکردەوە، یەکەی پشکنینی کشتوکاڵیان لە دەروازەکە هەیە، کە یاسای کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات. بەڕێوەبەرایەتی گومرگ لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات.
هەر سەبارەت بەقاچاخی ماددەی هۆشبەر بۆ عێراق، لیوا مازن قوڕەیشی بەڕێوەبەری گشتی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە عێراق رایگەیاند: لە رێگەی هەولێر و سلێمانی و پارێزگاکانی بەسرە و میسان ماددەی هۆشبەر لە ئێران و ئەفغانستان هاوردە دەکرێت و بۆ وڵاتانی کەنداو رەوانە دەکرێت.
لیوا مازن قوڕەیشی ئەوەشی گوتووە: هێرۆوین بە رێگەی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی دێتە ناو هەرێمی کوردستان و پاشان بۆ تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا هەناردە دەکرێت. هەرچی ماددەکانی کریستاڵ و حەشیشـە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەفرۆشرێت و بەناو خەڵکیدا بڵاوبوونەتەوە.
ئیسماعیل عەلی باسی لەوەشکرد، رێژەیەکی زۆر کەم جار جار هەوڵدەدریت بهێنرێتە هەرێمی کوردستان، "بەڵام لەلایەن یاریدەدەرێتیی ئاسایشی باشماخ لەکاتی پشکنینی بارەکان بێت یان رێگەی دیکەوە ئاشکرا دەکرێت و دەستی بەسەردا دەگیرێت."