پەیامێک لە پەکەکەوە: دەبێت تەواوی چەکەکان بێدەنگ بکرێن

رووداو دیجیتاڵ

پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە)، راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و جەخت لەسەر گرنگیی هەنگاوی کردەیی لە پرۆسەی ئاشتی دا دەکات.
 
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان، ئەمڕۆ (شەممە، 15-3-2025) پەیامێکی لەبارەی دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بڵاوکردەوە و دەڵێت "رێبەر ئاپۆ، رۆژی 27ـی شوبات لەڕێی ئەو شاندەی دیداری لەگەڵ دا کردبوو، بانگەوازێکی مێژوویی بڵاوکردەوە، ئێمەش رۆژی 1ـی ئادار لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو بانگەوازەمان دایەوە و بەمەبەستی زەمینەسازی بۆ هەنگاوی کردەیی، ئاگربەستمان راگەیاند."
 
لەکاتێکدا پرۆسەکە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەیە گۆڕانکاریی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە و تەنیا لە میدیاوە قسە دەکرێت، کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە رایگەیاندووە "ئێستا 15 رۆژ بەسەر بانگەوازە میژووییەکەی رێبەر ئاپۆ و راگەیاندنی ئاگربەستی ئێمەدا تێپەڕیوە. بێگومان بێ ئۆقرە نین و دەشزانین ئەو کارانەی کردوومانن چ سەختییەکیان لەگەڵە، بە خۆشحاڵیشەوە ئەو پێشوازییە ئەرێنییانە دەبینین کە لە دەرەوە و نێوخۆ بەرامبەر بانگەوازەکەی رێبەر ئاپۆ و ئاگربەستەکەی ئێمە نیشان دەدرێن. بەڵام کاتیش گرنگە و بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، هێندەی بیرکردنەوەی قووڵ و هەنگاوی پێکەوەیی، باش بەکارهێنانی کاتیش گرنگە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا پەکەکە باس لەوە دەکات لە پرۆسەکەدا هیچ کەموکوڕییەکی نەبووە و هەنگاوی پێویستی ناوە. 
 
دەشڵێت: لە بابەتی بانگەوازی 'ئاشتی و دیموکراسیی کۆمەڵگەیی' کە لەلایەن رێبەر ئاپۆ بڵاوکرایەوە، پێویستە پشتیوانیی بەرجەستەیی و هەنگاوی کردەیی شوێنی خۆشحاڵی و هیواخواستن بگرێتەوە.
 
رەخنە لە پەکەکە دەگیرێت کە کەموکوڕی لە هەڵوێست و هەنگاوەکانیدا هەبووە. پەکەکە لەم راگەیێندراوەدا وەڵامی ئەو رەخنانە دەداتەوە و دەڵێت "کەسانێک رەخنە لەو ئاگربەستە دەگرن کە 15 رۆژ لەمەوبەر رامانگەیاند و دەڵێن ئەو هەنگاوە بەس نییە، لەکاتێکدا ئەگەر چەکەکان بێدەنگ نەبن، نەوەک هەنگاوی کردەیی، بەڵکو گفتوگۆیەکی تەندروستیش ناکرێت. بێگومان رێگەشی تێناچێت بە ئاگربەستی یەکلایەنە هەنگاوی کردەیی بنرێت. بۆ ئەوەی هەنگاوی کردەیی بنرێت، پێویستە تەواوی چەکەکان بێدەنگ بکرێن".
 
لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بە کەمبوونی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر گەریلا، بەراورد بە قۆناخی پێش ئاگربەستەکە دراوە، بەڵام جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە هێشتا بەس نییە. "لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا کە ئاگربەستی تاکلایەنە هەبووە، 73 هێرشی فڕۆکە، 4 هەزار و 175 جاریش بە تۆپ بۆردوومانی ناوچەکان کراوە و 8 جاریش چەکی قەدەخەکراو بەکارهێنراوە." 
 
لە راگەیێندراوەکەی پەکەکەدا هەروەها باسی هەڵەبجە کراوە و دەڵێت "لە 37ـەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەین کە یەکێکە لە قورسترین ئەو هێرش و کۆمەڵکوژییانەی 100 ساڵی رابردوو لەلایەن دەسەڵات و سیستمەکانی دەوڵەت کراونەتە سەر گەلی کورد." 
 
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە جیدیبوون، هەستیاری و ئارامگرتن لەم قۆماخەدا بە گرنگ دەزانێت. هاوکات ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە پێویست دادەنێت و دەڵێت "زۆر روونە پیرۆزبایی 8ـی مارس، دەسپێکێکی زۆر گرنگی لەم بابەتەدا بونیات نا. درێژەدان بەو داواکارییە لە بۆنەکانی نەورۆز و خاوەنداریی داواکاریی ئازادکردنی فیزیکییانەی رێبەر ئاپۆ بە دەنگێکی بەرز، زۆر پێویستە". 
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا پیرۆزبایی نەورۆز لە ئۆجەلان و خەڵک کراوە.