بەرپرسیاری رەمەزان؛ ژیانی دایک و کچێک لە سلێمانی، لەنێوان نەخۆشی، هەژاری و قەرزدا
رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانی، گوڵشەن واحید و رووناک کەریمی دایکی گوڵشەن، لە بارودۆخێکی سەختی تەندروستی و داراییدا دەژین. گوڵشەن، کە تەمەنی 37 ساڵە و تائێستا حەوت نەشتەرگەری بۆ لابردنی گرێی سنگی بۆ کراوە، دەڵێت بەهۆی قەرز و کرێی خانوو و نەخۆشییەوە، "ژیانمان بووەتە دۆزەخ."
گوڵشەن، کە پێشتر بە کاری پاککردنەوەی ماڵان بژێوی خۆی و دایکی دابین دەکرد، ماوەی پێنج مانگە بەهۆی دەرکەوتنەوەی گرێی نوێ لە سنگی، توانای کارکردنی لەدەستداوە. ئەو لە بەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)ـی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "ئێستا دیسانەوە گرێ دروستبووەتەوە، بەڵام تەنانەت پارەی چوونە لای پزیشکیشم نییە."
دایکی گوڵشەن، رووناکی تەمەن 76 ساڵ، جگە لەوەی دەستێکی لەکارکەوتووە، نەخۆشی غودەشی هەیە و هەندێک جار دەنگی دەگیرێت، بۆ چارەسەر پێویستی بە دەرزییەکە، کە نرخەکەی 150 بۆ 200 هەزار دینارەو ئەوان توانای کڕینیان نییە. گوڵشەن دەڵێت، "بڕی سێ ملیۆن و نیو دینارمان بۆ نەشتەرگەریی دایکم قەرز کردووە و خاوەن قەرزەکە هەڕەشەی سکاڵا دەکات."
ئەم دایک و کچە لە خانوویەکی کرێدان لە گەڕەکی کوردسات و بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزەوە، 8 مانگ کرێی خانوویان لەسەرە. گوڵشەن دەڵێت: "ئەوەی هەمان بووە بیخۆین، خێرخواز و دراوسێ بۆیان هێناوین. ئەگەر خەڵکی خێرخواز یارمەتیمان نەدەن، دەکەوینە سەر جادە."
ئەم خێزانە دوای کۆچی دوایی باوکیان لە ساڵی 2013، خانووەکەی خۆیان لەدەستداوە و لەوکاتەوە بە کرێنشینی ژیان بەسەر دەبەن. دوو براکەی گوڵشەنیش بەهۆی خراپیی دۆخی دارایی خۆیانەوە ناتوانن هاوکارییەکی ئەوتۆیان بکەن. پێشەنگ، برای گوڵشەن، بە رووداوی گوت: "دۆخی داراییم خراپە و فریای خۆم ناکەوم، بەڵام بەپێی توانام هاوکارییان دەکەم."
دکتۆر ئاری نووری، پزیشکی پسپۆڕی گشتی و پزیشکی گوڵشەن، دۆخی تەندروستیی پێشووی پشتڕاست دەکاتەوەو دەڵێت: "پێشتر گوڵشەنم بینیوە و نەشتەرگەریم بۆ یەکێک لە گرێکانی کرد و لامبرد، چونکە بەرەو پیسی دەچوو. ئەو ماڵە دەناسم، کاتی خۆی ئیمکانیاتیان باش بوو، بەڵام ئێستا کەوتوون و ماڵێکی شایستەن."
خێرخوازێک پەیوەندی بە 'بەرپرسیاری رەمەزان'ـەوە کرد و بڕیاریدا 6 مانگ لە کرێی خانووە کەڵەکەبووەکەیان بدات، دوای ئەوەی خاوەن خانووە کۆنەکەشیان لە دوو مانگی خۆشبوو.
گوڵشەن، کە لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و کوڕێکی هەیە، دەڵێت گەورەترین خەونی ئەوەیە بتوانێت کوڕەکەی لە باوەش بگرێت و ژیانێکی شایستەی بۆ دابین بکات، بەڵام بەهۆی هەژارییەوە لە ساڵی 2015ـەوە نەیبینیوە.