بارەگای یونامی لە هەولێر رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق (یونامی)، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی فەرمی بارەگای نێردەکە لە هەولێر رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
رۆژی یەکشەممە، 15-03-2026، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە غولام ئیسحاقزای، رێکخەری نیشتەجێ و کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە رێکارەکانی کۆتاییهێنان بە ئەرکی یونامی و رادەستکردنەوەی بارەگاکەیان لە هەولێر.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە دیدارەکەدا سەفین دزەیی کورتەیەکی لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە خستەڕوو، هیوای خواست "ئاشتی و سەقامگیری جێگەی شەڕ و ململانێ بگرێتەوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاسی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە لە پشتگیریکردنی پرۆسەی دیموکراسی، سەروەریی یاسا، حوکمڕانیی باش و پەرەپێدانی تواناکان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا لەماوەی ساڵانی رابردوودا.
لای خۆیەوە، غولام ئیسحاقزای سوپاسی هاوکاریی بەردەوامی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ سەرخستنی پڕۆژەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رایگەیاند: "هیوادارین حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت لە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسەکانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە و درێژە بە کارەکانیان دەدەن."
هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەدا، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر، یاداشتنامەی رادەستکردنەوەی بارەگاکە لە نێوان سەفین دزەیی و غولام ئیسحاقزای واژۆکرا و بەوەش بارەگاکە بە فەرمی گەڕایەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان.