مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی کرد؛ "بەزووترین کات حکومەت پێکبهێندرێت"

رووداو دیجیتاڵ
 
مەسرور بارزانى، سه‌رۆكوەزیرانی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی له‌ شاندێکی ئەمریکی بە سەرۆکایەتيی ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كرد.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کراون.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی حکومەت، "هەردوولا جەختیان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە زووترین کات و بەر لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق كرد. هەروەها هاوڕابوون لەسەر پێویستيی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە نابێت پرۆسەکە چیتر دوا بکەوێت، چونکە زیانێکی زۆری بە داهات و بودجەی گشتیی فیدراڵی گەیاندووە".
 
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، حکومەت دەڵێت، "جەخت لە گرنگیی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و رێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی و دەستووریی هەرێمی کوردستان کرایەوە".