لە رۆژئاوای کوردستان تێچووی چاندن و دروێنەکردنی گەنم زیادی کردووە

 
 
رووداو - قامشلۆ

لە رۆژئاوای کوردستان نرخی پێداویستییەکان و تێچووی دروێنەکردنی گەنم بەرزبووەتەوە؛ جووتیاران دەڵێن ئەگەر گەنمەکەیان بەو نرخە بفرۆشن کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ هەر کیلۆیەک دیاریی کردووە، زەرەریانە. 
 
شێرکۆ عەبدۆ، جووتیارە و دەڵێت، "ئەمساڵ زیانمان زۆرتر دەبێت، چونکە باران نەباری. هەر رۆژێک ماتۆڕی ئاو کارپێبکەین، نزیکەی 350 بۆ 450 لیتر گازی دەوێت. زەوییەکەم هێزی کەمە و جووتیاریم پێناکرێت. 170 دۆنم ئەگەر کووتی بوەشێنم، بایی 300 هەزار لیرەی سووری پێویستی بە کووتە".
 
بەشێک لە جووتیاران بە ماتۆڕ ئاوی زەوییەکانیان دەدەن. خەرجیی ئاوی هەر دۆنمێک زەوی 65 هەزار لیرەیە. ئەوە لە کاتێکدایە کە لەبەر گرانبوونی دەرمان و سەماد، وەک پێویست بەکارنەهێنراون. هەروەها لەبەر گرانبوونی کەلوپەلی چاندنیش، جووتیاران وەک پێویست بایەخ بە زەوییەکانیان نادەن.
 
شێرکۆ عەبدۆ دەڵێت، "هەر دۆنمێک نزیکەی شەش بۆ حەوت ملیۆن لیرەمان تێدا خەرج کردووە. ئەگەر تۆنێک گەنم لەنێوان 350 بۆ 450 هەزار لیرەی سووریدا بفرۆشرێت، ئەو کاتە جووتیار زیان ناکات".
 
رۆژئاوای کوردستان بۆ چاندنی گەنم لەسەر ئاستی سووریا لە پلەی یەکەمدا بوو و نزیکەی 37%ـی گەنمی سووریای بەرهەم دەهێنا. ئێستا لە سەرانسەری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا بەرهەمی ساڵانەی گەنم و جۆ لە دوو ملیۆن تۆن تێناپەڕێت.