سەرۆک بارزانی بۆ سەرباز بەرزنجی: کورد دەرفەتی پێ بدرێت دەتوانێ تواناکانی بسەلمێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە سەلاحەدین چاوی بە سەرباز بەرزنجی، ئەندامی ئەنجوومەنی لەندەن لامبس کەوت و رایگەیاند، "ئەگەر کورد دەرفەتی پێ بدرێت دەتوانێ تواناکانی بسەلمێنێت و هیچی لە نەتەوەکانی تر کەمتر نییە".
ئەمڕۆ چوارشەممە دیدارەکەیان کرد. بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، تێیدا "بیروڕا لەبارەی گرنگیی رۆڵ و بەشداریی رەوەندی کوردی لە وڵاتانی تاراوگە ئاڵوگۆڕ کرا، بە تایبەت رۆڵی رەوەندی کوردی لە بەریتانیا و پشتگیری و هاوکاریکردنیان بۆ گواستنەوەی ئەزموونی پێشکەوتووی ئەو وڵاتە بۆ هەرێمی کوردستان. هەروەها رۆشنایی خرایە سەر هەماهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لەپێناو ئاڵوگۆڕی زیاتری کولتووری و زانستی و سیاسیی و بازرگانی و تەکنەلۆژیا".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی، سەرباز بەرزنجی بە سەرۆک مەسعود بارزانی راگەیاندووە، "بۆ باشترکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە هەمەچەشنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و ناساندنی دۆزی رەوای گەلی کورد لە کوردستان و تاراوگە، هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ لەو پێناوەدا".
سەرۆک بارزانی جەختیکردووەتەوە، کە پێویستە بایەخ بە ناساندنی جینۆساید و تاوانەکانی دژ بە کوردەکان بدرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی سەرباز بەرزنجی کرد بۆ ئەو خزمەتەی بە گەلەکەی دەکات لە تاراوگە و هەوڵەکانی بۆ یادکردنەوەی فەرمی و کردنەوەی هەردوو مۆنۆمینتی هەڵەبجە و ئەنفال لە ناوەندە فەرمییەکانی وڵاتی بەریتانیا. هەروەها وەک نموونەیەک وەسفی کرد کە ئەگەر کورد دەرفەتی پێ بدرێت دەتوانێ تواناکانی بسەلمێنێت و هیچی لە نەتەوەکانی تر کەمتر نییە. هەروەها هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواست و هێمای بەوە دا کە پێویستە بایەخ بە پڕۆسەی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی دژی کوردە فەیلییەکان و بارزانیەکان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفالی گەلی کورد بدرێت".
لە کۆتایی دیدارەکەدا، وەکو ئاماژەی پێکراوە، "سەرباز بەرزنجی باجی شکۆی پێشکێش بە سەرۆک بارزانی کرد کە ئەمساڵ لە ساڵیادی ئەنفال پێی بەخشرابوو".