لە سنووری قەزای دووکان کوڕ و باوکێک بە هەورەبرووسکە گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

لە گوندی سەرسیان لە سنووری قەزای دووکان ماڵباتێک هەورەبرووسکە لێیان دەدات و کوڕ و باوکێک گیان لەدەستدەدەن و دایک و کوڕێکی دیکەیان بریندار بوون.

ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەردەم نەخۆشخانەی رانیەوە گوتی: "ئەو ماڵباتە خەڵکی قەزای حاجیاوان، بەڵام گەڕاونەتەوە بۆ گوندەکەیان لە سنووری دووکان، لەوێ هەورەبرووسکە لێی داون."
 
ماڵباتەکە چوار کەسن، هەموویان بە برینداری گەیێندرابوونە نەخۆشخانەی رانیە، بەڵام باوک و کوڕەکە لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا.
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو کە لە فریاکەوتنی رانیە وەری گرتووە، "بریندارەکان تەندروستییان ناجێگیرە."
 
لەبارەی ناسنامەی ئەو کوڕ و باوکەی گیانیان لەدەستداوە، ئەبوبەکر ئیسماعیل گوتی: باوکەکە ناوی محەممەد خدر بووە، کوڕەکەشی ناوی ئارێز بووە.
 
یەکێک لە کەسوکاری ئەو ماڵباتە قسەی بۆ رووداو کرد و باسی لەوەکرد: "بۆ گەشت و سەیران چوونەتەوە گوندەکەی خۆمان، بەڵام هەورەبرووسکە لێی داون. دووانیان گیانیان لەدەستداوە، تەندروستیی دوو بریندارەکە باشە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو منداڵەکە تەمەنی 12 ساڵە و باوکەکە پیشەی پێشمەرگەیە.