لە وان گۆڕستانێک هەزاران گەشتیاری راکێشاوە


رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای وانی باکووری کوردستاندا ناوچەیەک کە بە (بووکی گریاو) دەناسرێت و کەوتووەتە گۆڕستانێکەوە، رۆژانە چەندین گەشتیار بۆ بینینی جۆرە گوڵێک رووی تێدەکەن.
 
گوڵی لالە بە شێوەیەکی سروشتی لە گۆڕستانی گوندی دیلمەتاشی سەر بە ناوچەی گەڤاش روواون و تەنیا نزیکەی 20 رۆژ بە گەشی دەمێنێتەوە.
 
گوڵەکان شەوانەش هەر گەشن، ئەمەش وایکردووە کە شەو و رۆژ گەشتیاری بۆ بچێت.
 
گوڵە لالەکان بە رەنگە سوور، زەرد و جەرگییەکانیان ناوچەکەیان رازاندووەتەوە. لەگەڵ تریفەی ئەستێرەکان و رووناکییەکانی شار، دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی تابلۆئاسا دەنەخشێنن.
 
ژینگەدۆستان و وێنەگران کە روو لەو ناوچەیە دەکەن و وێنەی ئەو گوڵە دەگمەن و تازەپشکوتووانە دەگرن.
 
گوڵەکان لەلایەن پاسەوانانی گوند و دانیشتووانی ناوچەکەوە بە وردی چاودێری دەکرێن و دەپارێزرێن.
 
وەحدەدین بایەزید، کە یەکێک لە گوندنشینانە دەڵێ، خەڵکی زۆر بۆ بینینی گوڵی لالە روو لە گۆڕستانەکە دەکەن و گوتی: "رۆژانە بە سەتان کەس سەردانمان دەکەن. هەندێکجار ئەوەندە زۆرن، لە گۆڕستانەکەدا شوێن نامێنێت. بەهۆی ئەوانەوە گوندەکەمان دەناسرێت. لە ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، ئەنتالیا و زۆر شارەوە دێن. ئێرە لە بەیانییەوە تاوەکو درەنگی شەو قەرەباڵخە. تەنیا داوامان لێیان ئەوەیە زیان بە لالەگوڵەکانمان نەگەیەنن و لێیان نەکەنەوە".
 
بەگوێرەی نووسینگەی موختاری گوندی دیلمەتاش رۆژانە نزیکەی 1500 کەس سەردانی بووکی گریاو دەکەن. 
 
تەمەنی ئەو گوڵانە تەنیا 15 بۆ 20 رۆژە. بەهۆی ساردیی کەشوهەواوە، ئەمساڵ درەنگ پشکووتوون.