لە دووکان و سلێمانی هەورەبرووسکە سێ کەس دەکوژێت؛ پێشمەرگە و شوانێک لەنێو قوربانییەکاندان

رووداو دیجیتاڵ

دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی، بەهۆی شەپۆلێکی هەورەبرووسکەوە لە سنووری قەزای دووکان و پارێزگای سلێمانی، سێ کەس گیانیان لەدەستدا کە دوانیان باوک و کوڕێکن و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
لە گوندی "سەرسیان"ـی ناوچەی بەری مەرگەی سەر بە قەزای دووکان، هەورەبرووسکە لە خێزانێک دەدات و دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی محەممەد خدر، تەمەن 37 ساڵ کە پێشمەرگە بوو، لەگەڵ ئارێزی کوڕی، تەمەن 12 ساڵ کە قوتابی پۆلی هەشتی بنەڕەتی بوو. ئەوان بۆ سەیران چووبوونە حاجیاوا و لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ گوندەکەی خۆیان، گەشتەکەیان بوو بە شین.
 
باییز حەسەن، کەسوکاری قوربانییەکان، لەبارەی چۆنییەتیی رووداوەکەوە دەڵێت: "لە گوندەکەی خۆمان لە سەرسیان لە خوارەوەی ماڵان بورجێکی  لێیە لە لای بورجەکە لەناو سەیارە هەورە بروسکە لێداوە خۆی منداڵێکی گیانیان لەدەست داوە و ژنەکەیی و منداڵێکی تریشی سوپاس بۆ خوا باشن."
 
دۆخی تەندروستیی بریندارەکان جێگیرە
 
لەو رووداوەدا، دایکەکە و کوڕێکی دیکەی خێزانەکە بریندار بوون و گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە؛ لە ئێستادا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان و بەگوێرەی تەندروستیی راپەڕین، دۆخیان جێگیرە.
 
فەرمان ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە، دەربارەی باری تەندروستییان رایگەیاند: "منداڵی سێیەمی برینێک لە دەمووچاوی هەیە و برینێکی بچوکە و تا ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکی دایە و دایکەکەش تەندروستی زۆر باشە و کێشەی نیە."