نێچیرڤان بارزانی بۆ عەلی زەیدی: ئامادەی کارکردنی هاوبەشین لەسەر بنەمای دەستوور
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە عەلی فالح زەیدی دەکات بەبۆنەی وەرگرتنی متمانە وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و رایدەگەیێنێت، هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان ئامادەی کارکردنی هاوبەشە لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور.
رۆژی هەینی، 15-05-2026، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکی پیرۆزباییدا رایگەیاند: "بە بۆنەی وەرگرتنی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستبەکاربوونی کابینەکەیانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی برای ئازیزم بەڕێز عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ دەکەم."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوای خواست دەستبەکاربوونی ئەم کابینە نوێیە، ببێتە "سەرەتای قۆناخێکی نوێی سەقامگیری و گەشەپێدان بۆ هەموو عێراق."
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا جەختی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە و گوتی: "ئێمە لە هەرێمی کوردستان، ئامادەیی تەواوی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ کارکردنی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشیی راستەقینە و هاوسەنگی."
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانج لەم هاوکارییە چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان و دابینکردن و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکانە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەند و خاوەن توانایە، "عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانییانەوە، شایانی ژیانێکی شایستە و خزمەتگوزاریی باشتر و ئاسایش و سەقامگیریی بەردەوامن."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی متمانەی خۆی نیشاندا کە بە هەوڵی هەموو لایەک و بە "گیانی بەرپرسیارانەی تەبایی و هاریکاریی نیشتمانی،" دەتوانرێت بەرەو داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنرێت و پێکەوە رووبەڕووی هەموو کێشە و ئاڵنگارییەکان ببنەوە.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
بە بۆنەی وەرگرتنی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستبەکاربوونی كابينهكهيانهوه، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی براى ئازيزم بهڕێز عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقى فيدراڵى دەکەم. هیوای تهواوى سەرکەوتن بۆ خۆیان و تیمی حکوومەتەکەیان دەخوازم لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە گەورەکانیاندا.
هیوادارین دەستبەکاربوونی ئەم کابینە نوێیە، سەرەتای قۆناغێکی نوێی سەقامگیری و گەشەپێدان بێت بۆ ههموو عێراق. ئێمە لە هەرێمی کوردستان، ئامادەیيی تەواوی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ کارکردنی هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگی، بەمەبەستی چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان و دابینکردن و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکان.
عێراق وڵاتێكى دهوڵهمهند و خاوهن توانايه، عێراقييهكان، به ههموو پێكهاتهكانييەوە، شایانی ژیانێکی شایستە و خزمەتگوزاریی باشتر و ئاسایش و سهقامگيريى بەردەوامن. متمانەمان هەیە کە بە هەوڵی هەموو لایەک و بە گیانی بهرپرسانهى تەبایی و هاريكاريى نیشتمانی، دەتوانین بەرەو داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنێین و پێکەوە ڕووبەڕووی ههموو كێشه و ئاڵنگارییەکان ببینەوە.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/5/15