لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان بارانی بەخوڕ دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، رۆژی هەینی لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان بارانی بەخوڕ و لە شەش پارێزگای دیکەش بەشێوەی پچڕپچڕ باران دەبارێت و هۆشداریش لە دروستبوونی لافاو دەدرێت.
بە گوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا، رۆژی هەینی، 15 ـی ئایاری 2026 لە پارێزگاکانی مەڕەش، بەدلیس، وان، جۆلەمێرگ، شرنەخ و سێرت ـی باکووری کوردستان بارانی بەخوڕ دەبارێت.
لە بەشێکی پارێزگاکانی باکووری کوردستان پێشبینی دەکرێت ئاسمان بەگشتی پەڵەهەور بێت.
لە ئەرزەڕۆم، قەرس، مەڵەتی، ئامەد، مێردین و رووها بارانی پچڕ پچڕ ببارێت و هەورەبرووسکە رووبدات.
داوای لە هاونیشتمانییان کراوە، بەرامبەر مەترسییەکانی لافاو، هاتنە ژوورەوەی ئاو بۆ نێو ماڵان، هەورەبرووسکە و دروستبوونی گرفت لە هاتووچۆدا، وریا بن و رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.