لە داهاتوویەکی نزیک نمرەی قوتابیانی پۆلی 9 و 12 رادەگەیێندرێن

رووداو - هەولێر 

بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان رایگەیاند، هەڵسەنگاندن و بەرچاوڕوونی پێویست لەسەر تاقیکردنەوەکان دەدەن و ئەنجامی تاقیکردنەوەکانیش لە داهاتوویەکی زۆر نزیک رادەگەیێندرێن.

بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە ئاگادارییەکدا بۆ قوتابیانی پۆلی 9 و 12 رایدەگەیێنێت: "سەرجەم قوتابیان و خوێندکارانی خۆشەویست ئاگادار دەکەینەوە، کە کاژێر 9:30 خولەکی سبەی شەو (16-6-2019 ) لیژنەی باڵای ئەزموونەکان کە بەرپرسن لە تەواوی بابەتەکانی تاقیکردنەوەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا هەڵسەنگاندن و بەرچاوڕوونی لەسەر تاقیکردنەوەکان دەدەن".

لە بەشێکی دیکەی ئاگادارییەکەدا هاتووە: "بەشەونخونی و ماندووبوونی ئەندامانی لیژنەی باڵ و کۆنترۆڵەکان ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەکان (نمرەکان) لە داهاتوویەکی زۆر نزیک رادەگەێنین".


بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەزموونەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ساڵی خوێندنی 2018-2019 بەگشتی 234 هەزار و 332 قوتابی پۆلی 12ی ئامادەیی و پۆلی 9ی بنەڕەتی و پیشەیی بەشداری لە تاقیکردنەوەکاندا دەکەن.

112 هەزار و 585 قوتابیان پۆلی 12ـی ئامادەیین، 118 هەزار و 383 قوتابیان پۆلی 9ـی بنەڕەتی و سێ هەزار و 364 قوتابیان پیشەیین، کە بەسەر  چوار هەزار و 101 هۆڵی تاقیکردنەوە دابەشکراون. 27 هەزار مامۆستا چاودێری پڕۆسەی تاقیکردنەوەکان دەکەن.