کەرکووک.. بەرگدوورێک پارە لەو کەسانە وەرناگرێت ناویان محەممەدە
رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکوک بەرگدوورێکی تورکمان هەیە کە پارە لەو کەسانە وەرناگرێت ناویان 'محەممەد'ـە.
ئیبراهیم عومەر ئەو بەرگدوورەیە کە ئەگەر ناوت محەممەد بێ و بچیتە لای بۆ ئەوەی جل قارس کەی یان تەسک و بەرینی کەیتەوە، پارەت لێ وەرناگرێ.
ئیبراهیم دەڵێ، "کە جلم بۆ دەهێنن، یەکەم شت دەپرسم ناوت چییە، بەس بڵێ محەممەد، دەڵێم دوو سەڵەوات بکە و بڕۆ، رۆژی سێ چوار [کڕیارم بە ناوی] محەممەد هەیە، پارە ناسێنم."
ئیبراهیم ئاغا گدی 40 ساڵە پیشەی بەرگدوورین دەکات. دووکانێکی خۆش و دڵنشینی لە کەرکووک هەیە. وێنەی کۆنی خۆی و کەرکووکی بە دیوارەکانەوە هەڵواسیوە. مەکینەی دروومانەکەی لە تەنیشت شووشەی دووکانەکەوە داناوە. بەرگدوورێکی دەسترەنگینە.
ئەو پیاوە ناوی "مەحەممەد"ی زۆر خۆشدەوێت و لە خێزانەکەیدا پێنج کەس ناویان محەممەدە.