مەسرور بارزانی بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە: ئومێدەوارم ببێتە مایەی باشتربوونی دۆخی دارایی خەڵک
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە بڵاوکردەوە.
رۆژی شەممە، 15ـی حوزەیرانی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا گوتی: "بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی قوربان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت موسڵمانانی هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان، بە تایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم."
مەسرور بارزانی دەڵێت: "ئومێدەوارم جەژن ببێتە مایەی شادی و خۆشگوزەرانی و باشتربوونی دۆخی دارایی و گوزەرانی خەڵک و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامیی لە جیهان و گەشەسەندنی زیاتری تەبایی و کولتووری بەیەکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان."
دەقی پەیامی مەسرور بارزانی:
بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی قوربان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت موسڵمانانی هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان ، بە تایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. هیوادارم ڕۆژانی جەژن و پشوو، لە کەشێکی شاد و ئارام و سەلامەتدا بەسەر ببەن .
ئومێدەوارم جەژن ببێتە مایەی شادی و خۆشگوزەرانی و باشتربوونی دۆخی دارایی و گوزەرانی خەڵک و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامیی لە جیهان و گەشەسەندنی زیاتری تەبایی و کولتووری بەیەکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان .
جەژنتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە ئاسوودەییدا بژین.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/6/15