بافڵ تاڵەبانی: لەبەرامبەر یاساشکێنان بڕیارە دروستەکەمان دا
رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی بە فەرمی خۆی وەک سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناساند و لەسەر گۆڕی باوکی (مام جەلال) پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "داهاتووی یەکێتی پرشنگدارتر دەبێت و هیچ کەس حەددی نییە و زاتی ئەوە ناکات جارێکی دیکە سیخووڕ نەک بخاتە ناو ماڵی مام جەلال، بگرە لەناو کۆمەڵانی خەڵک و دامەزراوەکانی حکومەت رێگەنادرێت ئەم کارە نەشیاوانە بکرێن."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-07-2021، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەکاونتی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک پەیامێکی بە چەند وێنەیەکی خۆی لەسەر ئارامگەی مام جەلال، لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکان لەنێو یەکێتی و دۆخی حیزبەکەی بڵاوکردەوە.
بافڵ تاڵەبانی پەیامەکەی بەناونیشانی "باوکە گیان رێنیشاندەر و رابەری مێژووییمان" بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "ئەمڕۆ هاتوومەتە حزورت تا لەنزیکەوە خۆم راستییەکانت پێبگەیەنم و دڵنیات بکەمەوە لە پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنم لەبەرامبەر پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و ئەمانەتی خوێنی شەهیدان، رەنج و ماندووبوونی پێشمەرگەی دێرین، تێکۆشەرانی رێگای خەبات و زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامانی سەنگەر و قوربانیدانی کۆمەڵانی خەڵک."
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئاماژەدان بەوەی "بەڕاوێژ لەگەڵ سەرکردە تێکۆشەرەکان و خەمخۆرانی یەکێتی راستەقینە بڕیاری گۆڕانکاریی ریشەییمدا"، گوتووشیەتی "سەرپەرشتیارانی هەموو ئەو دامەزراوە ئەمنی و حزبییانەی ساڵانێک بوو خرابوونە خزمەت بەرژەوەندی هەندێک کەسەوە و بۆ تەسفیاتی حیزبی بەکاردەهێنران و دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و یەکێتییەکەمان دەجووڵانەوە. لەکاتێکدا کارمەندانی ئەو دەزگایانە خەڵکانی تێکۆشەر و دڵسۆزبوون، بەڵام بەمەبەست ئەم کارە دزێوانەیان پێئەنجام دەدرا. دەست خرابووە بینەقاقای کاروکاسبی کاسبکاران و سەرمایەداران. بەپیلان و بەرنامە رێگری لە دامەزراوەکانی حکومەت دەکرا تاوەکو کار و پرۆژەکانیان جێبەجێنەکەن. قاچاخچێتی، سەرانەوەرگرتن، هەڕەشە و سیخوڕیکردن کرا بە بەرنامە."
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-7-2021 میدیاکانی یەکێتی لە زاری سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بڵاویانکردەوە، "لەنێو ماڵی مام جەلال لە دەباشان سیخووڕگیراوە و دانیناوە بەوەی کاری بۆ ھاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی [لاهوور شێخ جەنگی] کردووە و بەکارھێنراوە بۆ مەرامی تایبەتی و لێدان لەبەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی".
بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت، دواجار گلەیی و گازندەی کۆمەڵانی خەڵک، نووسەران، رۆژنامەنووسان، رۆشنبیران و مامۆستایانی زانکۆ و دڵسۆزان و ناوەندە دیپلۆماسییەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان "هەمووی بەهەند وەرگیران و بڕیارە دروستەکەمان دا لەبەرامبەر یاساشکێنان."