سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە بنەماڵەی مەعسوومە زەڵمی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی مهعسوومه عهبدولقادر، هاوژینی د. مستەفا زەڵمی؛ سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەکانیان دەکات.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە 15-07-2025 پەیامێکی سەرەخۆشیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، "بۆ كۆچى دوايى خوالێخۆشبوو خاتوو مهعسوومه عهبدولقادر، هاوسهرى مامۆستاى خوالێخۆشبوو مستهفا زهڵمى، سهرهخۆشى له خانهوادهى مامۆستا زهڵمى و كهسوكارى بهڕێزيان دهكهم، هاوسۆز و هاوخهميانم."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "له خواى مهزن داواكارم، گيانى خوالێخۆشبوو به بهزهيى و ميهرهبانيى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنهوايى به ههمووان ببهخشێت."
گەلاوێژ مستەفا، کچی د. مستەفا زەڵمی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دایکم تەمەنی 93 ساڵ بوو، ئەمڕۆ کۆچی دواییکرد. دایکم بەساڵاچوو و نەخۆش بوو، ئاو لە سنگی کۆدەبووەوە. هاوکات کێشەی دڵیشی هەبوو و هەوکردنیش لە گەدەیدا هەبوو، کە ئەمانە کاریگەریی خراپتریان لەسەر جەستەی دروست کرد."
ئەو کچەی مستەفا زەڵمی گوتیشی، سێ رۆژ لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە پرسە بۆ دایکی کۆچکردوویان دادەنێن و دوای گەڕانەوەیان لە هەولێریش پرسە دادەنێن.
زانای ناوداری كورد و جیهانی ئیسلامی پرۆفیسۆر د. مستەفا زەڵمی رۆژی 04-06-2016 لە تەمەنی 92 ساڵیدا لە هەولێر كۆچی دواییكرد.
پرۆفیسۆر د. مستەفا زەڵمی
- ساڵی 1924 لە گوندی زەڵمی هەورامانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لەدایكبوو.
- ساڵی 1946 لە كۆیە خوێندنی ئایینی تەواوكرد.
- ساڵی 1965 بەكالۆریۆسی لە یاسا لە زانكۆی بەغدا بەدەستهێنا.
- ساڵی 1969 ماستەری لە شەریعە لە زانكۆی بەغدا بەدەستهێنا.
- ساڵی 1971 ماستەری لە فیقهی بەراوردكاری لە زانكۆی ئەزهەر وەرگرت.
- ساڵی 1973 ماستەری لە یاسا لە زانكۆی قاهیرە بەدەستهێنا.
- ساڵی 1975 دكتۆرای لە فیقهی بەراوردكاری لە زانكۆی ئەزهەر بەدەستهێنا.
- ساڵی 2005 دكتۆرای دووەمی لە یاسا لە زانكۆی بەغدا بە پلەی ئیمتیاز وەرگرت.
- بەرەبەیانی رۆژی شەممە 4-6-2016 لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.