جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمان: مووچەی فەرمانبەرانی پەرلەمان و پەرلەمانتاران دابەشدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، دواکەوتنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی پەرلەمان و پەرلەمانتاران بەهۆی واژۆیەکەوە بووە لە وەزارەتی دارایی و ئەگەری زۆرە پێش کۆتاییهاتنی دەوامی ئەمڕۆ مووچە دابەشبکرێت؛ دەشڵێت، "ئەو هەواڵانە راست نین کە گوایە ناردنی پارە بۆ پەرلەمان راگیرابێت". فراکسیۆنی پارتیش مووچە وەرناگرێت.
رۆژی سێشەممە، 15-8-2023، هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی ئەو قسانەی لەسەر دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی پەرلەمان و پەرلەمانتارانەوە دەکرێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و پەرلەمانتارانی کوردستان پەیوەندی بە واژۆیەکی وەزارەتی دارییەوە هەبوو کە دواکەوت. ئەو بابەتە پەیوەندی بە ناردنی پارەوە نەبووە. بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران کە ئێستا دابەش دەکرێت پارەمان بۆ نێردراوە و واژۆکەش کراوە و ئەگەری هەیە ئەمڕۆ پێش کۆتاییهاتنی دەوام دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت. ئەگەر ئەمڕۆ نەکرا، دابەشکردنی مووچە دەکەوێتە سبەی".
هیوا نەسرەدین ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە فراکسیۆنی زەرد کە 45 کورسیی پەرلەمانی هەبوو، ئاگاداریان کردوونەتەوە مووچەکانیان وەرناگرن؛ بۆیە لە وەزارەتی دارییەوە مووچەیان بۆ نانێردرێت، بەڵام پەرلەمانتارانی دیکە مووچەی مانگی حوزەیرانیش وەردەگرن، هەرچەندە خولی پێنجەمی پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە.
بە لێکەوتەی بڕیارەکەی رۆژی 30ی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە "نادەستووری" ناساند و بەو پێیە پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە. لە نێوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش رێکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد.
رۆژی 26-6-2023، زانا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی کرد، رایگەیاند، ئەرکی پەرلەمانییان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهاتووە و لە رۆژی 1-6-2023ەوە وەرگرتنی مووچەی پەرلەمانتارییان رەتکردووەتەوە.
لە نووسراوەکەیدا هاتبوو، "داوا دەکەین بەپێی یاسای ژمارەی 2ـی ساڵی 2020 یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان، هەستن بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی بۆ تەواوکردنی ماوەی ئەندامێتیی ئەندامانی فراکسیۆنمان و نوێنەرمان لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان."
لە 9ى تشرینى یەکەمى 2022 پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد، دواى ئەوەى تەمەنەکەى کۆتاییهات. لە 22ى ئایارى 2023 پەرلەمان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق، ئەو کاراکردنەوەیەش "نایاسایی"یە.