سبەی بە فەرمی مامۆستایانی وانەبێژ دەکرێنە گرێبەست

رووداو دیجیتاڵ
 
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، سبەی بە فەرمی لیستی ناوی مامۆستایانی وانەبێژ رادەست دەکرێت بۆ ئەوەی بکرێنە گرێبەست.
 
عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، ئەمڕۆ یەکشەممە، 15-09-2024، بە رووداوی گوت: ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر ناوی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ دەربڕیوە بۆ ئەوەی بکرێنە گرێبەست.
 
عەلی رەئووف گوتی: "سبەی ئەنجوومەنی وەزیران ناوەکان بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرێت و بە فەرمی دەبینە مامۆستای گرێبەست و مووچەمان بۆ دەبەسترێت".
 
رۆژی 13-09-2024، لیژنەی تایبەتمەند لە وەزارەتی پەروەردە وردبینیی لە لیستی ناوی مامۆستایانی وانەبێژ کرد و زانیارییەکانی تەواوکرد، دواتر لیستەکە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا.
 
25ـی ئاب، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژان بکاتە گرێبەست و بڕیارە تاوەکو 25ـی ئەم مانگە رێکارەکانی بەگرێبەستبوونەکە کۆتایی بێت.
 
کەمترین مووچەی وانەبێژ 250 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان 400 هەزار، ئەوەش بەگوێرەی بڕوانامەکانیان پۆلێن دەکرێت.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان 38 هەزارە، ئەگەر وانەبێژان وەکو گرێبەست دابنرێن، مانگانە پێویستیان بە 18 ملیار دینار دەبێت.