253 هەزار کارمەند سەرپەرشتیی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی ئەو کارمەندانەی بۆ رۆژی دەنگدان ناویان لە تیروپشک دەرچووە، 253 هەزار کەسە، هەروەها 5٪ی کارمەندەکان وەکو یەدەگ وەرگیراون، بۆ شوێنگرتنەوەی ئەوانەی ناویان دەرچووە.
دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025، حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی رۆژنامەڤانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: تێکڕای ئەو کەسانەی وەک کارمەندانی بنکەکانی دەنگدان بە تیروپشک وەرگیراون 253 هەزار کەس بوون، هەروەها 5%ـی تێکڕای ئەو کارمەندانەی داواکارییان پێشکەش کردووە و مەرجەکانیان تێدابووە وەک کارمەندی جێگرەوە دیاریکراون، بۆ ئەوەی شوێنی ئەو کەسانە بگرنەوە کە لەبەر هەر هۆکارێک بێت نابنە کارمەندی بنکەکانی دەنگدان.
رۆژی 14ی ئەیلوولی 2025 لە نووسینگەی سەرەکیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەغدا تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە داواکارییان بۆ بوونە کارمەندی بنکەکانی دەنگدان پێشکێش کردبوو، کرا.
حەسەن هادی زایر رایگەیاند، 825 هەزار کەس داواکارییان پێشکەش کردبوو بۆ ئەوەی وەک کارمەندی بنکەکانی دەنگدان وەربگیرێن، بەڵام 653 هەزاریان مەرجەکانیان تێدابوو.
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، ئەو کارمەندەی دەنگدان کە وەردەگیرێت فەرمانبەری حکومی بێت و هاوئاهەنگیکاری ناوەندی دەنگدان بێت، 300 هەزار دینار وەردەگرێت و ئەو بڕە پارەیە بۆ یەکێک لە رۆژانی دەنگدانی گشتی یان تایبەت وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر کارمەندی دەنگدانەکە بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدان بێت 200 هەزار دیناری پێدەدرێت و ئەگەر فەرمانبەری ناوەند یان وێستگەی دەنگدانیش بێت 150 هەزار دینار وەردەگرێت.
ئەگەر کارمەندی دەنگدان قوتابی یان دەرچووی زانکۆ بێت و کاری هاوئاهەنگیکاری ناوەندی دەنگدان بێت، 400 هەزار دینار وەردەگرێت، ئەگەر بەڕێوەبەری ناوەند بێت 300 هەزار و ئەگەر کارمەندی ناوەند یان وێستگەی دەنگدان بێت 250 هەزار دینار وەردەگرێت.
دەنگدانی گشتی بۆ پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ و دەنگدانی تایبەت لە 9ی هەمان مانگ دەکرێت.