یاوەر: هاوكاریی سەربازیی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە رۆژئاوا
رووداو- هەولێر
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت تاوەکو ئێستا هەشت وڵات چەک و تەقەمەنیان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، ئەوانیش بەردەوام لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان لە ژووری عەمەلیاتی شاری هەولێر لە هەماهەنگیدان .
یاوەر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات کە هەندێک ناوچە هەن تا ئێستا هێرشیان نەکردووەتە سەریان و بەهۆی بوونی مین هێزی پێشمەرگە ناتوانن بگەنە هەموو شوێنێک،" دەبێت ئەو رۆبۆتانە بەکاربهێندرێن کە بۆ هێزی پێشمەرگە نێردراون بۆ ئاشکراکردنی مین و لەناوبردنیان".
سەبارەت بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ هێرشکردنە سەر داعش و بەشداربوونی وڵاتان تێیدا، یاوەر رایگەیاند ئەو وڵاتانەی کە بەشداردەبن پێویستە لەلایەن پەرلەمان و حکومەتی عێراق رەزامەندی بەشداربوونیان لەسەربدرێت.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی:" وڵاتی ئێران یارمەتی هەرێمی کوردستانیان داوە، چونکە داعش مەترسییە بۆ سەر ئەوانیش"، بەڵام سەبارەت بە هاوکارییەکانی تورکیا جەبار یاوەر ئاماژەی بەوە کرد، کە تورکیا وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە و بەرژەوەندییەکانی چۆن بخوازێت ئاوا مامەڵە دەکات.
لە درێژەی قسەکانیدا یاوەر ئاشکرایکرد کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هاریکاری سەربازی رەوانەی رۆژاوای کوردستان کراوە، بەڵام لەبەرنەبوونی دەروازەیەک تا ئێستا ئەو چەکانە لە رۆژئاوای کوردستانن و نەنێردراون بۆ کۆبانێ.