کشتوکاڵی چۆمان: بەرهەمی ساڵانەی سێوی باڵەکایەتی سەرووی 10 هەزار تۆنە

 
رووداو - باڵەکایەتی

لە سنووری باڵەکایەتی ئەمساڵ سەرماوسۆڵ زۆر بەرهەمی هەر لە پشکوتندا لەناوبردن، تەنها سێوە بەرگەی بەستەڵەکی کۆتایی زستان و سەرەتای بەهاری رابردووی گرتووە. کشتوکاڵی چۆمان دەڵێت، بەرهەمی ساڵانەی سێوی باڵەکایەتی سەرووی 10 هەزار تۆنە.
 
بن هەر دار سێوێک لە سنووری باڵەکایەتی بڕێکی زۆر سێوی لێکەوتووە، کەمیی نرخە وایکردووە خاوەن باخەکان خەم لە کۆکردنەوە و بردنی بۆ بازاڕ نەخۆن.
 
نەبەز کاکە، خاوەن باخی سێو دەڵێت، "گەورەترین گرفتمان ئەوەیە ساردخانە نییە لە سنوورەکەمان. جگە لەوەش، ئێستا دەڵێن رێگە بە هاوردەکردنی سێو نادرێت، کەچی سێوی وڵاتانی دیکە لە بازاڕ هەن. هەندێک گرفتی دیکەمان نەبوونی سندووقی تایبەت و نایلۆنە بۆ هەڵگرتنی بەرهەمەکان، کە گران دەستمان دەکەون."
 
هەر باخێکی سێو لەو سنوورە نزیکەی 10 تۆن بەریان گرتووە. نرخی فرۆشتن بەو شێوەیەی خاوەن باخ دەیفرۆشێت بۆ هەر کیلۆیەک لە نێوان 250 بۆ 400 دینارە؛ لە بازاڕ هەمان سێو کیلۆی بە 1000 دینار دەفرۆشرێت.
 
رەسووڵ حەسەن، کڕیاری سێو ئاماژە بەوە دەکات، "بە دڵنیاییەوە بەرهەمی خۆماڵی تام و چێژی تایبەتە و سوودیشی زیاترە، پێویستە ئێمە بەرهەمی ناوخۆ بەکاربهێنین بۆئەوەی ئەو پارەیەی خۆمان هەر لە ناوخۆی وڵات بێت."
 
سێو و کۆی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لە سنووری باڵەکایەتی کە پێدەگەن، لە هەفتەیەکدا هەمووی لێدەکرێنەوە و دەبرێنە بازاڕ؛ هۆکارەکەشی کارپێنەکردنی ئەو ساردخانەیەی سنوورەکەیە کە 13 ساڵە دروستکراوە و هێشتا قوفڵ بە دەرگاکەیەوەیە.
 
سلێمان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی چۆمان رایگەیاند، "ئەو ساردخانەیە تاوەکو ئێستا رادەستی ئێمە نەکراوە وەکو بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی چۆمان، ئەگەر ئەو ساردخانەیە کار بکات، برا جووتیارەکانمان بەروبوومەکانیان لەو ساردخانەیە هەڵدەگرن لە کاتی گونجاودا بەروبوومەکانیان دەفرۆشن."
 
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی چۆمان، لە سنووری باڵەکایەتی 520 باخی سێو هەن؛ رووبەری زەویی کراو بە باخی سێو نزیکەی 5000 دۆنمە کە بەرهەمی ساڵانەی سێو تێیدا سەرووی 10 هەزار تۆنە.