بووتڵی غاز لە چێشتخانەیەکی دهۆک دەتەقێتەوە و 7 کەس بریندار دەبن
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تەقینەوەی بووتڵی غاز لە چێشتخانەیەکی شاری دهۆک، حەوت کارمەندی چێشتخانەکە بریندار دەبن؛ وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، تەندروستی بریندارەکان جێگیرە.
هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 15-11-2022، بەهۆی تەقینەوەی بووتڵێکی غاز لە یەکێک لە چێشتخانەکانی شاری دهۆک، حەوت کارمەندی چێشتخانەکە بریندار بوون.
پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکەدا ئاماژەی بەوەشدا کە لەنێو چێشتخانەکە فڕنێک هەبووە بۆ برژاندنی پیتزا و چەند خواردنێکی دیکە و ئاگر لەنێو فڕنەکەوە دروستبووە و تەقینەوە روویداوە.
خاوەنی چێشتخانەکە قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد و گوتی: "رووداوەکە لە دوای کاژێر 07:00ی ئێوارە بوو؛ هۆکارەکەش بووتڵی غاز بوو، ئاگر لە فڕنەکەوە دەرچوو و گەیشتە بووتڵی غازەکە، بەو هۆیەوە بووتڵەکە تەقییەوە."
لەبارەی ژمارەی بریندارەکان و رەوشی تەندروستیان، خاوەنی چێشتخانەکە گوتی: "یەک دووانێکیان برینان سەختە، ئەوانی دیکە برینەکەیان سووکە."
هەروەها وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، بریندارەکان لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن و "خۆشبەختانە باری تەندروستییان جێگیرە."