لوقمان وەردی: رێککەوتنی پارتی و یەکێتی 18 خاڵە و 16یان جێبەجێ نەکراون
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە رێککەوتنی پارتی و یەکێتی کە 18 خاڵە، 16یان جێبەجێ نەکراون. گوتیشی: "بڕیاری حکومەتێکی بەهێز درا کە خزمەتی هاووڵاتییانی کوردستان بکات بێ جیاوازی، بەڵام حکومەتێکی لاواز پێکهێندرا."
رۆژی دووشەمە 16-1-2023، لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 02:00ی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: ئەو ئاماری دەنگدەرانەی کە لە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، ئامارێکی باوەڕپێکراو نییە، بەڵکو ئەو ئامارە لەگەڵ ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق جیاوازی زۆرە، بۆیە دەمانەوێت پشت بە ئامارەکەی عێراق ببەستین.
لوقمان وەردی گوتی، "ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنداین لەکاتی خۆیدا، بەڵام کێشەمان لەگەڵ هەمواری یاسای هەڵبژاردن هەیە و گرفتمان لە تۆماری دەنگدەران و نوێنەرایەتیی کورسی پێکهاتەکان هەیە، بۆیە ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان زیاتر لە ساڵ و نیوێکە لەگەڵ پێنج هێزی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان کە نوێنەرایەتیی 53 ئەندام پەرلەمان دەکەین، داوای یاسای هەڵبژاردنمان پێشکێشکرد، بەڵام هەر زوو پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: ئەوان لەگەڵ هەمواری یاسای هەڵبژاردن نین."
لوقمان وەردی ئاماژەی بەوە کرد: "بەم یاسایەی کە ئێستا هەیە، ناتوانرێت هەڵبژاردن بکرێت و داواکارین هەڵبژاردن بە شێوەیەک بێت کەمترین بوار بە ساختەکاری بدرێت."
بە گوتەی لوقمان وەردی، لە 4-3-2012 پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی بەهێزتربوو کاتێک بەڵگەنامەیان واژۆکرد بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییانی کوردستان بێ جیاوازی و لەسەر 18خاڵ رێککەوتن کە پارتی 16 خاڵییانی جێبەجێ نەکرد.
زیاتر لە ساڵێکە پەیوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ساردی تێکەوتووە، هەردوولا یەکدی بە پابەند نەبوون بە رێککەوتنەکانی نێوانیان تۆمەتبار دەکەن. هەرچەندە بڕیاربوو سەرەتای ئەمساڵ کۆببنەوە، بەڵام تائێستا ئەو کۆبوونەوەیە نەکراوە.
رۆژی 04-01-2023، هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی رایگەیاند، "زەمینەسازی هەیە بۆ گفتوگۆ و کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی، چاوەڕێی یەکێتی دەکەین کاتی کۆبوونەوە دیاری بکات." دەشڵێت، پارتی و یەکێتی کۆببنەوە "دەگەنە لێکتێگەیشتن و رێککەوتنێکی نوێ."
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتی، "پارتی ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی و پێویستە ئەو دوو حیزبە بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن." دەشڵێت، "پارتی و یەکێتی پێویستیان بە نێوەندگیر نییە بۆ کۆبوونەوە."