لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کەوتە خوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەیانی رۆژی سێشەممە، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتەخوارەوە و نەتەقیوەتەوە.
سیداد لەشکری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، 5:50 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 16-01-2024، لە چواڕیانی زرارەتی و نزیک جێژنیکان درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی "گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کەوتە خوارەوە کە بەئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رەوانە کرابوو.
وەکو پەیامنێری رووداو باسی کرد، درۆنەکە نزیکەی دوو مەتر درێژە، بەهۆی تەڕی زەوییەکەوە درۆنە بۆمبڕێژکراوەکە نەتەقیوەتەوە، هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
شەوی دووشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2024، 10 مووشەک شاری هەولێر و دەورووبەری کردە ئامانج، دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند، ئەو هێرشانە ژمارەیەک شوێنی کردووەتە ئامانج کە بە"بنکەی تیرۆریستی" و گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە. بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی ئێرانی رەتکردەوە و بە بێ بنەما ناوی بردوون.
ئەوەی تاوەکو ئێستا روون بووەتەوە، ئەو ماڵەی کراوەتە ئامانج ماڵی سەرمایەداری دیاری هەولێر پێشڕەو دزەییە کە بە پێنج مووشەک کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە خۆی و کچێکی گیانیان لەدەستدا و هاوژین و دوو منداڵی دیکەشی بریندار بوون.
هەر بە هۆی هێرشەکە کەرەم میخائیل، کە خاوەنی کۆمپانیای سەمسوونە و هاوڕێی پێشڕەو دزەیی بووە، لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستداوە.