دژەتیرۆری کوردستان: لە هەولێر سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو خرانە خوارەوە

رووداو دیجیتاڵ

دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو کە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوون خرانە خوارەوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 16-01-2024، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، کاژێر 05:05ـی بەیانی ئەمڕۆ سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو کە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوون، تێکشکێندران و خرانە خوارەوە.
 
ئاراستەکردنی درۆن بۆ سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە کاتێکدایە، کاژێر 11:30ـی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە مووشەک هێرشکرایە سەر شاری هەولێر و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 17ـی دیکەش برینداربوون.
 
دوای مووشەکبارانەکە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەوان هێرشەکەیان کردووە و ژمارەیەک شوێنی کردووەتە ئامانج کە بە"بنکەی تیرۆریستی" و گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە. 
 
یەکێک لەو شوێنانەی کرایە ئامانج، ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی، سەرۆکی گرووپی فالکۆن بوو، کە لە هێرشەکەدا لەگەڵ کچە بچووکەکەی و میوانێکی بە ناوی کەرەم میخائیل خاوەنی کۆمپانیای ئەلڕەیان لە عێراق کە پشکی لە کۆمپانیای سامسۆنگ هەبوو، هەروەها کارگوزارێکی بە رەچەڵەک فلیپینی گیانیان لەدەستدا.
 
هەر لە هێرشەکەدا هانا جووتیار، پزیشکی ددان، کە هاوژینی پێشڕەوە، لەگەڵ رەوان پێشڕەو تەمەن حەوت ساڵ و رۆژ پێشڕەو، کە تەمەنی لە نێوان 25 بۆ 27 ساڵە و هەر لەگەڵ باوکی کاری کردووە، بریندار بوون.