یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردوو بۆ سەر هەولێر دەڵێت، پەلاماردانی شوێنی ئاوەدانی هەڕەشەی جیدین بۆ سەر سەروەریی عێراق، "هێرشێکی ناڕەوابوو سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی خەڵکی سیڤیل دەکەین."
شەوی دووشەممە، بە 10 مووشەک هێرشکرایە سەر هەشت ناوچەی جیاواز لە هەولێر، پێنج لەو مووشەکانە بەر ماڵی سەرمایەداری شارەکە، پێشڕەو دزەیی کەوت، بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16 دیکەش بریندار بوون.
پێشڕەو دزەیی خۆی و منداڵ و هاوڕێیەکی بازرگانی لەگەڵ یەکێک لە کارگوزارەکانیدا گیانیان لەدەستدا و هاوژین و سێ منداڵەکەی دیکەی برینداربوون.
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەڵێت، "پێمان وایە هەر کێشەیەکی سیاسی- ئەمنیی هەستیار لە نێوان وڵاتە دراوسێکاندا بەم شێوەیە تاکلایەنە و لە دەرەوەی تێگەیشتنی سیاسیی و ئەمنیی هاوبەش، چارەسەر نابن و تەنیا ئاڵۆزی و ژینگەی پەیوەندییە ئیقلیمییەکان تێکدەدەن کە سەرەنجام گەلانی عێراق نرخەکەی دەدەن."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی، ئەرکی سەرشانی حکومەتی فیدراڵییە کە پێکهاتەیەکی هاوپەیمانێتییە و پشتیوانی هەموو هێزە سیاسییەکانی هەیە، هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ داکۆکی لە سەروەری وڵات و ئاسایشی هاووڵاتییان. بەکردەوە یەکێتیی ریزەکانی گەلی عێراق دووپات بکاتەوە و هەیبەتی نێودەوڵەتی وڵاتەکە بپارێزێت."
هەروەها یەکێتی داوا لە دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی رۆڵی زیاتر بگێڕن لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیاندا، پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان، "بەتایبەتی خانەوادەی شەهید پێشڕەو دزەیی" دەکەن و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازن.
دەقی راگەیێندراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
هێرش بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ناڕەوایە و سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی خەڵکی سیڤیل دەکەین. پەلاماردانی شوێنی ئاوەدانی هەڕەشەی جیدین بۆ سەر سەروەری عێراق و ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کە هەرێمێکی دانپیانراوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقدا.
ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێمان وایە، هەر کێشەیەکی سیاسی- ئەمنیی هەستیار لە نێوان وڵاتە دراوسێکاندا بەم شێوەیە تاکلایەنە و لە دەرەوەی تێگەیشتنی سیاسیی و ئەمنیی هاوبەش، چارەسەر نابن و تەنیا ئاڵۆزی و ژینگەی پەیوەندییە ئیقلیمییەکان تێکدەدەن کە سەرەنجام گەلانی عێراق نرخەکەی دەدەن.
لێرەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان بەتایبەتی خانەوادەی شەهید پێشڕەو دزەیی دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ئەرکی سەرشانی حکومەتی فیدراڵییە کە پێکهاتەیەکی ئیئتلافییە و پشتیوانی هەموو هێزە سیاسییەکانی هەیە، هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ داکۆکی لەسەر سەروەری وڵات و ئاسایشی هاووڵاتییان و بەکردەوە یەکێتیی ریزەکانی گەلی عیراق دووپات بکاتەوە و هەیبەتی نێودەوڵەتی وڵاتەکە بپارێزێت.
پێویستە دامەزراوە رەسمییەکان هەرێم[ـی کوردستان] و پارتە سیاسیەکانیش بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عیراق رۆڵی زیاتر بگێڕن لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان.
رۆحی شەهیدان شاد بێت
ئارامی و سەربەرزی بۆ خەڵک و خاکی هەولێری پایتەختی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان