لە ئادانا باوکێک دوو منداڵەکەی دەکوژێت و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
لە پارێزگای ئادانای تورکیا پیاوێک دوای ئەوەی هاوژینەکەی ماڵ جێدەهێڵێت، بە دەمانچە دوو منداڵەکەی دەکوژێت و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆیشی دەهێنێت. ئەو پیاوە پێشتر لە سۆشیاڵ میدیا نووسیویەتی: "ژن دەتوانێت بتکاتە وەزیر و دەشتوانێت ریسوات بکات."
 
رووداوەکە شەوی پێنجشەممە، 16-01-2026 لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شارۆچکەی ساریچام لە ئادانا روویداوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، سەرگەن ئاڵتونباش، تەمەن 34 ساڵ، دوای ئەوەی لەگەڵ هاوژینەکەی دەبێتە دەمەقاڵێیان و ژنەکەی ماڵ بەجێدەهێڵێت و ناگەڕێتەوە، دەچێتە سەر دوو منداڵەکەی کە تەمەنیان شەش و هەشت ساڵان بووە.
 
سەرگەن ئاڵتونباش بە دەمانچە هەردوو منداڵەکەی (کوڕێک و کچێک) کوشتووە و دواتریش بە هەمان دەمانچە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
 
دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی پۆلیس و فریاگوزاریی تەندروستی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و تەرمی باوکەکە و دوو منداڵەکەیان لەنێو ماڵەکەدا دۆزیوەتەوە.
 
ئەو پیاوە چەند مانگێک بەر لە رووداوەکە لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پۆستێکی کردووە و نووسیویەتی: "ژنێک دەتوانێت بتکات بە وەزیر و دەشتوانێت ریسوات بکات."
 
تەرمەکان رەوانەی دادپزیشکی کراون و پۆلیسی ئاداناش لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە.