بوومەلەرزەیەک لە چەولیگی باکووری کوردستان روویدا

رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.8 پلەی رێختەر لە پارێزگای چەولیگی باکووری کوردستان روویدا. 
 
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) بڵاویکردەوە، کاژێر 02:14 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی شوباتی 2025، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.8 پلەی رێختەر لە پارێزگای چەولیگ روویداوە و شارۆچکەی چێرمە چەقی بوومەلەرزەکە بووە.
 
بەگوێرەی ئافاد، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 12.79کیلۆمەتر تۆمارکراوە. 
 
پارێزگای چەولیگ لە راگەیێندراوێكدا رایگەیاند، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە بوومەلەرزەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە. 
 
لە شەشی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر لە پارێزگای مەڕەشی باکووری کوردستان روویاندا. بوومەلەرزەکان 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 500 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزانە گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار و 204 کەسی دیکە بریندار بوون.