لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە هەولێر قوتابییەک گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لەسەر رێگەی دووسایدی لاوان لە هەولێر، قوتابییەکی تەمەن 18 ساڵان گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە کەمێک پێش ئێستا بووە. دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، رووداوەکە لەنێوان پاسێکی قوتابییان و ئۆتۆمبێلێکی جۆری یارس بووە کە ئەویش قوتابیی هەڵگرتووە.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، لە رووداوەکەدا 7 کەسیش بریندارن.
باوکی یەکێک لە بریندارەکان دەڵێت، کوڕەکەی پۆلی شەشە، لەگەڵ چوار کەسی دیکە کاتێک لە قوتابخانە گەڕاونەتەوە، پاسێک لەدواوە لێیداون و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە.
باسی لەوەش کرد، چوار کەس لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، یەکێک لە بریندارەکان دۆخی تەندروستیی خراپە و براوەتە نەخۆشخانەیەکی تایبەت.