سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی هەنگاریا مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش تاوتوێ دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی هەنگاریا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا جەخت لە فراوانکردنی پەیوەندییەکان کرایەوە و تیشک خرایە سەر مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش.
 
رۆژی دووشەممە (16-2-2026)، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ ئوسامە ئیبراهیم نفاع، باڵیۆزی هەنگاریا لە عێراق کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، باڵیۆزی هەنگاریا سڵاوی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی گەیاند و خواستی بوداپێستی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە. سەرۆک بارزانیش پێشوازی لە فراوانبوونی ئەو پەیوەندییانە کرد.
 
تەوەرێکی سەرەکیی دیدارەکە تایبەت بوو بە "هەڕەشەی تیرۆر و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش و پێویستیی هەماهەنگیی نێودەوڵەتی بۆ رێگەگرتن لە دەرکەوتنەوەی مەترسییەکانی تیرۆر لە ناوچەکە."
 
هەروەها دۆخی سووریا و پرۆسەی سیاسیی عێراق، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی هەنگاریا بوون.