چیرۆکی ژنێک لەگەڵ بەرنامەیەکی خێرخوازی: بنوزێوە و بگری بۆ ئەوەی هاوکاریت بکەن
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزان، دیاردەی بەرنامەی خێرخوازی لە کەناڵە نێوخۆییەکاندا زیاد دەکات، بەڵام لە پشت کامێراوە، هەندێک جار چیرۆکی جیاواز هەیە. نێرگز کەریم، (ناوێکی خوازراو)، ژنێکی دانیشتووی هەولێر، چیرۆکی خۆی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە، کە چۆن لە بەرنامەیەکی خێرخوازیی یەکێک لە کەناڵە ناوخۆییەکاندا، بووەتە قوربانیی سیناریۆیەک.
نێرگز دەڵێت، لە مانگی رەمەزانی رابردوو لەلایەن کەناڵەکەوە فێڵی لێکراوە و ناچارکراوە بە گریان و درۆکردن سۆزی خەڵک بۆ خۆی رابکێشێت، دواتریش نیوەی ئەو هاوکارییانەی پێیگەیشتووە، لەلایەن کەناڵەکەوە لێی سەندراوە. لە بەرامبەردا، خاوەنی کەناڵەکە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "ئەو خانمە خۆی سیناریۆی دروستکردووە."
نێرگز کەریم، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "یەکەمجارم بوو بەشداریی بەرنامەیەکی لەو شێوەیە بکەم، بژێویم خراپ بوو. خاوەنی کەناڵەکە پێیگوتم، بگری و بڵێ منداڵەکانم نەخۆشن و ساڵێکە گۆشتمان نەخواردووە. ئەو گریانەی لە بەرنامەکەدا کردم، سیناریۆ بوو."
هۆکاری سکاڵانەکردنیشی دەگەڕێنێتەوە بۆ ترسی لە گەورەبوونی کێشەکە و نەبوونی بەڵگەی پێویست. "چونکە من ئافرەتم و حەزم نەکردووە بابەتەکە گەورەبێت، سکاڵام نەکرد. هیچ بەڵگەیەکیشم نییە، چونکە پارەکە راستەوخۆ بۆ ئەو دەڕۆیشت."
لە بەرامبەردا، سالار عەبدوڵڵا، (ناوی خوازراو)، خاوەنی کەناڵەکە، قسەکانی نێرگزی لە (بەرپرسیار) رەتکردەوە و گوتی: "قسەکانی راست نین. من ژمارەی نێرگزم داوە بە خێرخوازان و ئاگاداری بڕی هاوکارییەکان نیم."
سالار دەشڵێت، دوای بەرنامەکە لەگەڵ مامۆستایەکی ئایینی سەردانی ماڵی نێرگزیان کردووە و بڕی سێ ملیۆن دیناریان پێداوە. ئەو، نێرگز تۆمەتباردەکات بەوەی کە "ئەمە یەکەمجاری نییە" و لە کاتی سەردانەکەیاندا "جلشۆر و بەفرگری نوێی هەبووە و شاردبوویەوە."
نیان ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، لە بەرپرسیار، گوتی: "ئێمە کار بە بڕیارێک دەکەین کە ساڵی 2020 دەرچووە و تایبەتە بە بەرنامە خێرخوازییەکان." بەپێی بڕیارەکە، نیشاندانی رووخساری کەسی هەژار قەدەخەیە و پێویستە هەژمارێکی بانکیی تایبەت بە ناوی خێرپێکراو بکرێتەوە.
نیان ئەحمەد دان بەوەدا دەنێت، کە چاودێریکردنی تەواوی ئەم بەرنامانە ئاسان نییە. "هیچ گەرەنتییەک نییە کە خاوەن کەناڵەکە دواتر داوای نیوەی پارەکە نەکات، ئەوە دەکەوێتە سەر رێککەوتنی دوولایەنە. بەڵام کەسی خێرپێکراو دەتوانێت سکاڵا بکات."
ئەو ئاماژەی بەوەشکرد کە بەشێک لە کەناڵەکان "لە ژوورێکی ماڵاندا" کاردەکەن و بابەتی خێرخوازییان "وەک کاسبییەک" لێکردووە، بەتایبەت لەدوای کەمبوونەوەی رێکلامی بازرگانی. ئەو دەڵێت، "تاوەکو ئێستا 5 کەناڵ بەهۆی پێشێلکارییەوە بۆ ماوەیەکی کاتی داخراون."